سەرکردەیەکی یەکێتی: چوونی شاندێکی چەند حزبێک بۆ بەغدا ئەگەری ناردنی مووچە لاواز دەکات

 سەرکردەیەکی یەکێتی: چوونی شاندێکی چەند حزبێک بۆ بەغدا ئەگەری ناردنی مووچە لاواز دەکات
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی ڕای دەگەیەنێت، حزبەکان و حکوومەت بە یەک شاند سەردانی بەغدایان بکردایە، ئەوا سەردانەکەیان کاریگەرتر دەبوو. ئەوەش ناشارێتەوە کە چوونی شاندەکەی گۆڕان و کۆمەڵ بۆ بەغدا ئەگەری ناردنی مووچە لاواز دەکات.

ڕەھبەر سەیدبرایم، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی ڕايگەیاند: "ئێستا دونیا لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و ئاراستەکان بۆ ئەوەن کە گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت، ئەگەر شاندەکە پەرلەمانی یان ھی حزبەکان بێت و یەکگرتوو بن، ئەوا لە قازانجی میللەتەکەماندایە، چونکە کورد تا یەکگرتوو بێـت و بەیەک دەنگ بچنە بەغدا، بۆ ھەموو لایەنەکان و میللەتەکەشمان سوود بەخشترە".

لە بارەی دروست کردنی کێشە بۆ بابەتی بودجە کە ئێستا لەلایەن بەغداوە نەرمییەک ھەیە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، ئەو سەرکردەیەی یەکێتی پێیوایە سەردانەکە بابەتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن عەبادییەوە ”بەدڵنیاییەوە لاواز دەکات“. دەشڵێت: ”چونکە ئەگەر ھەموو یەکدەنگ بوونایە، بەیەک شاند بڕۆشتنایە بۆ بەغدا، زۆر باشتر و بەھێزتر دەبوو، یانی بۆ ھەموو لایەنەکان بۆ بابەتی کورد یەکن، بۆ ئێمە وەک کورد یەک نین؟".

لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان چاوەڕوانن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدرال کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانیش لە بەغداوە بنێردرێت، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان شاندێکیان ناردووەتە بەغدا و داوا لە عەبادی دەکەن، پێشوازی لە شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەکات.










باسنيوز
Top