نێچیرڤان بارزانی و کونسوڵی نوێی تورکیا پەیوەندییەکانی ھەولێر و ئەنقەرەیان تاوتوێ کرد
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/1/2018 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ھاکان کاراچای کونسوڵی نوێی تورکیا لە ھەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا کونسوڵی نوێی تورکیا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە دیدارەکە، تیشکی خستە سەر کار و چالاکییەکانی کونسوڵخانەکەیان لە ھەولێر و جەختی لە بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان کردەوە، ھەروەھا ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ ھەوڵدان و ھاوکاریکردن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا نیشان دا.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی تورکیا کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، جەختیشی لەوە کردەوە ھەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا دەڕوانێت کە ڕۆژانی تەنگانەی بەر لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و دوای ئەوەش ھەمیشە تورکیا ھاوکار بووە و پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان کردووە.
سەبارەت بە دۆخی ئێستا و کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغداش، نێچیرڤان بارزانی، ڕای گەیاند کە تورکیا وەک دراوسێیەکی گرنگی ھەرێمی کوردستان و عیراق دەتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عیراقی فیدراڵدا بگێڕێت.
تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە دۆخی ناوچەکەوە، بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
باسنيوز
