وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونکردنەوە لەبارەی دابەشکردنی مووچە دەدات
عەمید ھەژار عومەر، بەرپرسی ھەماھەنگی و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، ڕاگەیاند: ”بەپێی ئەو لیستەی بڵاو کراوەتەوە، ڕێژەی لێبڕین لە وەزارەتی پێشمەرگە لە 5٪وە دەست پێدەکات تا ٪50 و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ھێشتا دیار نییە شێوەی بڕینەکە چۆنە، چونکە بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە هێشتا بە تەواوی مووچەیان وەرنەگرتووە“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە لە پاشەکەوتکردنەکەدا هەوڵی زۆر دراوە، پێشمەرگەی ئاسایی ”کەمترین لێبڕین لە مووچەکەیدا بکرێت“.
هەر لەمبارەیەوە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”مووچەی مانگی 9ی بەشێک لە پیێشمەرگە دراوە، بەڵام چونکە پارە نەبووە، بۆیە تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە نەکراوە، چاوەڕێی ناردنی پارەین لە وەزارەتی داراییەوە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”لەو ماوەیە پارەمان بۆ رەوانە بکرێت، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێتەوە، بە تایبەت بەسەر یەکەکانی 70 و 80 و ئەو پێشمەرگانەی ماون مووچە وەربگرن“.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر پارەیان بۆ رەوانە بکرێت، پشووش بێت، ئەوە مووچە دابەش دەکەن. گوتیشی: ”ھەرکات پارە لە وەزارەتی داراییەوە بنێردرێت ھەینی بێت، پشووش بێت، ئەوە ئێمە مووچەکە دابەش دەکەین“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە نیوە زیاتری ھێزەکانی پێشمەرگە، مووچەی مانگی 9یان وەرنەگرتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دارایی بووایە، دەبووایە تاوەکوو 20/12/2017، سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە مووچە وەربگرن، بەڵام بەھۆی دەستکاریکردنی چەند جارێکی لیستی مووچەی پێشمەرگە، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە دواکەوتووە.
باسنیوز
