كورد و سوننە بایكۆتی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان كرد

كورد و سوننە بایكۆتی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان كرد
ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دوو پڕِۆژەیاسای گرینگ خراونەتە بەرباسەوە و، ئەو داواكارییانەی كوردیش كە پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكوومەتمان كردبوون، جێبەجێ نەكراون، بۆیە بایكۆتی دانیشتنی ئەمڕۆمان كرد".

نەدا مێرگەسووری، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕاگەیاند، "لە كارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دوو پڕۆژەیاسای گرینگ خرانە بەرباسەوە كە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2018ـی عێراقی تێدا بوو، لە كاتێكدا كە چەندین پێشێلكاریی تێدایە لە بەرانبەر كورد و، حكوومەتی عێراقیش داواكاریی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانی جێبەجێ نەكردووە كە دابوومان بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لیژنەی دارایی و سەرۆكوەزیرانی عێراق، بۆیە وەكوو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان مكوڕین لەسەر داواكارییەكانی خۆمان و لەبەر ئەم هۆكارەیش پێمان باش بوو بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆ نەبین و بایكۆتی بكەین".

مێرگەسووری گوتیشی، "جگە لە فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان، سوننەكانیش ئامادە نەبوون بەشداریی دانیشتنی ئەمڕۆ بكەن، بۆیە رێژەی یاسایی تەواو نەبوو، ئێستایش سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكفڕاكسیۆنەكان لە كۆبوونەوەدان بۆ ئەوەی باس لە بابەتی بوودجە و یاسای هەڵبژاردنەكان ‌بكەن."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌شڵێ، "وەكوو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ دانیشتنەكانی سبەینێ و رۆژانی داهاتوودا ‌بكەن لەبارەی ئەو دوو پڕۆژەیاسایەوە، چونكە داواكارییەكانی كورد لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە لە بەرچاو نەگیراون".
kdp-
Top