"لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەر خەڵکی سنووری ماددەی ١٤٠ بەرەو دەرەوە کۆچ دەکەن"

سەرەڕای توندیی مەرجەکانی وەرگرتنی پەنابەر بە ھۆی مەترسی بۆسەر ژیانیان و دیارنەبوونی پاشەڕۆژێکی دیار ئاوارەکانی ناوچەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچ دەکەن.

ئاری جەلال، سکرتێری فیدڕاسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ھێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش و ئاوارەبوونی سەدان ھەزار ھاووڵاتی بەرەو ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی بەرچاو لەو ئاوارانە بە ھۆی نائومێدبوونیان لە پاشەڕۆژی خۆیان و ناوچەکانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکە ڕێگەی ھات و نەھاتی پەنابەرییان ھەڵبژاردووە، ھەرچەندە ئێمە ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئامار و داتای دروستین، بەڵام بە پێی پێشبینیەکانی ئێمە ئەوانەی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقن و بە کەمە نەتەوە ناسراون لەو سنوورانە زیاتر چوونەتە دەرەوە و داوای مافی پەنابەرییان کردووە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا.''

دوای ھێرشی داعش و دواتر داگیرکاریی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، سەدان ھەزار کەس ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و ژمارەیەکی زۆر لەو ئاوارانەی ئێزدی، کریستیان و کاکەیی بەرەو ئەوروپا و ئۆردن و تورکیا سەریان ھەڵگرت و کۆچیان کرد.

بەرپرسەکەی پەنابەران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''چوونی ھاووڵاتییانی ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ دەرەوە ھێشتا ڕۆژانە بەردەوامە، ئەوە سەرەڕای توندکردنی سنوورەکان و ڕێکەوتنی نێوان ئەوروپا و تورکیا بۆ ڕێگەگرتن لە پەنابەری نایاسایی.''

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە ھەرێمی کوردستان، خالید جەمال بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: "نزیکەی سەد ھەزار کریستیانی دەشتی نەینەوا و عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا بەرەو وڵاتانی بیانی کۆچیان کردووە و کۆچی پێکھاتەکان بۆ دەرەوی عێراق بە ھۆی ھێرشی داعش و حەشدی شەعبی و دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەردەوامە.''

ئاری جەلال گوتی: ''لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش شەپۆلێکی کۆچکردن لە خەڵکی ئەو ناوچانەی داگیر کراون، وەک کەرکووک و خورماتوو و دەشتی نەینەوا زیاتر بۆ وەرگرتنی پەنابەری کۆچ دەکەن، چونکە ئەوانە ھێشتا دڵنیا نین لەوەی کێشەی ناوچەکانیان بە کوێ دەگات و ئایندەی ناوچەکانیان لە مەترسیدایە و ناچارن بەرەو دەرەوە کۆچ بکەن.''
kdp-
Top