مامۆستایانی زانكۆ: لە هەڵبژاردنی دابێ دۆخی کوردستان دەگۆڕێ
حەفتەی داهاتوو كۆمسیۆن و پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژێك بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان كۆ دەبنەوە و، كۆمسیۆن ئامادەییی خۆی دەربڕیوە كە لە مانگی نیساندا هەڵبژاردن ئەنجام بدات، كاریش لەسەر تۆماری دەنگدەران دەكات و توانیویەتی تا ڕاددەیەكی باش تۆمارەكە پاك بكاتەوە و حەفتەی داهاتوو تۆمارەكە پاك دەكاتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای هەڵبژاردن بۆ چارەكردنی كێشەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان دەكات، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای ناردنی نامەیەك بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوە دووپات دەكاتەوە كە دەبێ لە ماوەی سێ مانگدا هەڵبژاردن بەڕێوە بچێ، زۆربەی حزب و لایەنەكانیش لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن، چونكە پێیان وایە هەڵبژاردن دۆخی كوردستان دەگۆڕێت و چارەسەری كێشەكان دەكات.
د. ڕێناس حەسەن، مامۆستای زانكۆ لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد: ''بۆ تێپەڕاندن لەو دۆخە چەقبەستووەی ئێستای ناوخۆی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردن بە باشترین چارەسەر دەزانم، چونكە هەڵبژاردن دۆخی كوردستان دەگۆڕێت، هەڵبژاردن ڕێگەی گۆڕانكارییە، نەك نانەوەی ئاڵۆزی و بشێوی، چونكە كاتێك هەڵبژاردن دەكرێت قەبارەی لایەنەكان دەردەكەوێت و دوای هەڵبژاردن هەر لایەنێك قەبارەی خۆی دەبێت و بە پێی ئەندازەی خۆی هەنگاو دەهاوێژێت، لەگەڵ ئەوەی وا دەكات كە حكوومەتێكی بەهێزترمان لەوەی ئێستا هەبێت، هەموو لایەنەكان ئەوكات یەك دەبن و یەكڕیز دەبن، ئەوەش وا دەكات كە بەرامبەر بە عێراق بەهێز بین و بە یەكگرتوویی بەرامبەر بە ئەوان بوەستینەوە، ئەوەش وا لە ئەوان دەكات كە بێنە پێشەوە مل بۆ داواكارییەكانی هەرێم دابنێن.''
د. ڕدوان مستەفا، مامۆستای زانكۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: ''ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە دیلی هەموو ئەو هەنگاو پڕۆژانە و حكوومەتی ڕزگاری نیشتمانییە، چونكە ئەو حكوومەتەی كە هەندێك لایەن داوا دەكەن هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێت و حكوومەتی ئێستا بەخۆی كاتیە و تەنیا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەتوانین كوردستانێكی بەهێز بونیات بنێینەوە و بەسەر كێشەكاندا سەر بكەوین.''
د. ڕێبوار حەمەدەمین، مامۆستای زانكۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''هەڵبژاردن وەكو چارەكردنی قەیرانەكان دەزانم، ئەگەر هێزە سیاسییەكان ئەو ئەركەیان دەكەوێتە سەر شان جێبەجێ نەكەن و هاوكاری حكوومەت نەبن، بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە، باشترین ڕێگا دەستبردنە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بۆیە بۆ كۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەكان پێویستە لە ماوەیەكی نزیكدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.''
د. ڕێبوار حەمەدەمین ئەوەشی گوت: ''لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دەیان بارەگای حزبی و حكوومی سووتێنران، چەندین هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، داواكاری بەم ڕەفتارانە بەدەست ناهێت، هاووڵاتییان و لایەنەكان ئەگەر ڕاست دەكەن و داوای مافی خۆیان دەكەن، ئەوا حكوومەتی هەرێم نامەی بۆ پەرلەمان ناردووە، كە لەگەڵ كۆمسیۆن ڕۆژێك بۆ هەڵبژاردن دیاری بكەن، لەو كاتەدا سندووقی دەنگدان دەبێتە شوێنی بڕیاردان و ئەو كات لایەنەكان بە پێی ئەو دەنگدانەی بە دەستی دەهێنن، كورسیی پەرلەمان بۆ خۆیان مسۆگەر دەكەن، تا ئەو كاتە دەبێ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پاڵپشتی لە حكوومەتی هەرێم بكەن، چونكە پاراستنی ئارامیی كوردستان بەرپرسیارێتیی هەموو لایەكە.''
kdp-
