"پڕۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکووک تورکمانیشی گرتووەتەوە"

پڕۆسەی بە عەرەبکردنی پارێزگای کەرکووک بەردەوامە و نوێنەرێکی تورکمانیش دەڵێ، پڕۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکووک تەنیا کوردی نەگرتووەتەوە و عەرەبە ھاوردەکان پیلانیان ھەیە زەوی تورکمانیش داگیر بکەن.

ماجد بازرگان، نوێنەری تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گۆڕانکارییەکی زۆر لە پارێزگای کەرکووک کراوە بەوەی ژمارەیەکی زۆری عەرەب ھاوردەی کەرکووک و ناوچەکە کراوە، بە مەستی گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووک، بەو ھۆیەوە کێشەیەکی زۆر لە کەرکووک پەیدا بووە، چونکە عەرەبە ھاوردەکان گەڕاونەتەوە شارەکە، بەتایبەتی ئەو عەرەبانەی پێیان دەگۆترا دە ھەزاری و لەسەر دەمی ڕژێمی بەعس سوودمەند بوونە لە وەرگرتنی دە ھەزار دیناری ئەوکات، تا لەسەر زەویی کورد نیشتەجێ بکرێن و ئێستاش گەڕاونەتەوە شاری کەرکووک، دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆربەی ھەرە زۆری ئەو عەرەبە ھاوردانە دیسان ھاتوونەتەوە شوێنی خۆیان.''

لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی لەناوچوودا ژمارەیەکی زۆری عەرەب لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق ھاوردەی کەرکووک کراون و ھەر خێزانێک دە ھەزار دیناری ئەوکاتی پێ درا بۆ ئەوەی لە کەرکووک لەسەر زەویی کورد و تورکمان نیشتەجێ بکرێن، بەڵام دوای پڕۆسەی ماددەی ١٤٠ ئەو عەرەبە ھاوردانە قەرەبوو کرانەوە و گەڕانەوە ئەو شوێنەی لێوەی ھاتبوون.

ئەو نوێنەرەی تورکمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''پڕۆسەی تەعریب لە پارێزگای کەرکووک دەستی پێ کردووە و ئەو تورکمانانەی لەگەڵ عەرەبە توندڕەوەکانن، دەیانەوێ غەدر لە کورد و تورکمانە ڕەسەکانی شارەکە بکەن و ھەرچونێک بێت زەوییەکانیان داگیر بکەن، لەبەر ئەوە پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێت و بە گوێڕەی یاسا پڕۆسەی تەعریبکردنی کەرکووک ڕابگیرێت.''

عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی دووپات کردەوە: ''ئەوەی لە کەرکووک بەڕێوە دەچێت تەنیا بەرامبەر بە کورد نییە، بەڵکو تورکمانیشی گرتووەتەوە. ئەوە نییە ئێمەش بە ھۆی ڕووداوی داگیرکردنی کەرکووکەوە وەک میللەتی تورکمان ئاوارە بووینە.''

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە ھەزاران عەرەب لە ناوچەکانی مووسڵ و تکریت و شوێنەکانی دیکە ھاوردەی شاری کەرکووک کراون و پڕۆسەی بەعەرەبکردنی پارێزگای کەرکووک دەستی پێ کردووە بۆ داگیرکردنی زەویی کورد و بەشێک لە تورکمانە ڕەسەنەکانی شاری کەرکووک.

ماجد بازرگان گوتی: ''تەعریب بەتەنیا کوردی نەگرتووەتەوە، بەڵکو ئەو تورکمانی ڕەسەنی کەرکووکیشی گرتووەتەوە، بەتایبەتی تورکمانی سوننە مەزھەب، ئەوانەی لەگەڵ بەرەی تورکمانیدان و بە سیاسەتی ئەوان ڕازی نین، بەداخەوە ھەڵسوکەوتی بەرەی تورکمانی خراپە لەگەڵ تورکمانە ڕەسەنەکان و مەترسیی گەورە ھەیە، زەویی تورکمانیش داگیر بکرێت لە لایەن عەرەبی ھاوردە و تورکمانی توندڕەو.''

عیرفان کەرکووکی دەڵێت: ''کاتی خۆی تەعریب ناوچە تورکمانییەکانی کەرکووکی گرتووەتەوە، بەتایبەتی ھەندێ ناوچەی تایبەت ھەن لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ھەزاران دۆنم زەویی تورکمانی بە ناوی عەرەبەوە کراون و گرێبەستەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە، بەداخەوە دوای ئازادیی عێراقیش بەشێک لە کێشەی زەویی تورکمان چارەسەر نەکراوە، چونکە عێراق نایەوێ ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکات.''
kdp-
Top