تورکیا پیلانی هێرشکردنە سەر شارێکی کوردستان دادەنێت
ئیبراهیم ئەردۆغان، بەڕێوەبەری هەواڵەکانی کەناڵی (خەبەر 7)ی تورکیی نزیک لە ئاکەپە، رایگەیاندووە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ”هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر سنوورەکانی تورکیا“، کە بە ”تیرۆریستەکان“ ناوی بردووە.
ئیبراهیم ئەردۆغان هەروەها رایگەیاندووە، هێزەکانی سوپای تورکیا لەسەر سنوورەکانی باشووری تورکیا لە هاتای هەتا شرناخ لەسەر سنووری نیوان باشوور و باکووری کوردستان، لە ئامادەباشیدان.
ئەو رۆژنامەنووسە تورکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دەست پێ کردنی ”ئۆپەراسیۆنی عەفرین“ لە رۆژئاوای کوردستان لە ئان و سات دایە و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای تورکیا رێنمایی تایبەت بە ئۆپەراسیۆنەکەیان دەرکردووە.
پێشتر چەندین جار رەجەب تەییب ئەرۆغان هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی یەپەگە لە شاری عەفرین، کردووە.
هەروەها پەکەکە هۆشداریی داوەتە تورکیا و رایگەیاندووە، کە ئەگەر ئەو وڵاتە هێرش بکاتە سەر عەفرین، ئەوا پەکەکە شەڕەکە فراوان دەکات و کەس پێشبینیی ئەنجامەکەشی ناکات.
باسنيوز
