ھاوپەیمانیی شیعەکان: لە زووترین کاتدا کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر چارەسەر دەبن
رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە زاری ”سەرچاوەیەکی ئاگادار“ لەناو ھاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، کە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەرمییان نواندووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.
ئەو سەرچاوەیە، کە نەیویستووە ناوی بڵاو بکرێتەوە، ھەروەھا رایگەیاندووە، ھەولێر و بەغدا خەریکی دروستکردنی لێژنەیەکی حەوت کەسین، کە پێنج کەسیان عێراق دیارییان دەکات و دووانەکەی دیکەش نوێنەرایەتیی کوردستان دەکەن.
ھەروەک ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لێژنەکە لە سەرجەم کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکۆڵێتەوە و ”ئەگەر ھەیە لە زووترین کاتدا کێشەکان چارەسەر بکرێن“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ چوارشەممە 3/1/2018، شاندێکی هەرێمی کوردستان کە لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندرووستی پێکهاتووە، دەچنە بەغدای پایتەختی عێراق و پرسی لیستی مووچەی هەردوو وەزارەتەکە و وردبینیکردن تێیاندا تاوتوێ دەکەن.
پێشتر دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، عەبادی جەختی لەوە کردووەتەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
باسنیوز
