حکوومەتی هەرێمی کوردستان: راپۆرتەکەی یۆنامی لەبارەی خورماتوو وەک پێویست نییە
لە راگەیەندراوێکدا، کە وێنەیەکی بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ناردووە، ئۆفیسی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایدەگەیەنێت، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەشێوەیەکی سەرەکی گەلی کوردیان کردووەتە ئامانج و بەهۆی داگیرکارییەکەشیانەوە، زیاتر لە 100 هەزار کەس لە خورماتوو ئاوارە بوون، جگە لە تەقاندنەوە و سووتاندنی 150 خانوو، کە 12 بارەگای حزبی و شەش بارەگای راگەیاندن.
ئۆفیسی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هەروەها رایگەیاندووە، کە راپۆرتەکەی یۆنامی وەک پێویست پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی لە دژی گەلی کورد نەخستووەتە روو.
رۆژی 23/12/2017، یۆنامی راپۆرتێکی لەبارەی داگیرکاریی حەشدی شەعبی بڵاو کردەوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی ئۆفیسی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان:
راستەوخۆ دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ئۆفیسی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە رێگای بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە و داتا دەربارەی رووداوەکان و لێکەوتەکانی ھێرشی سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچە جێناکۆکەکان لە ھەمان کاتدا داوامان لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی یۆنامی کرد کە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە ئەنجام بدەن لەسەر رووداوەکان بەتایبەتی لە توزخورماتوو.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاری عیراق (یونامی) لە رۆژانی ٧ و ١٤ی کانوونی یەکەم سەردانی توزخورماتوی کرد.
ئێمە لە ئۆفیسی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە ھەر راپۆرتێکی بێلایەنی لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکەین سەبارەت بە رووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، چونکە خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان دووچاری نەھامەتییەکی زۆر و ئاوارەیی و سووتانی ماڵ و خانوو و شوێنە بازرگانییەکانیان بوونەوە و دەیان ھەزاریان لە شارەکانی کوردستان ئاوارە و دەربەدەر بوون، بۆیە ئێمە داوامان لە رێکخراوەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد کە پێویستە ھەرچی زووە بەھانای خەڵکی ئەم ناوچانەوە بێن، لە ھەمان کاتدا پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکان بکەن، چونکە ھاووڵاتیانی کوردی ئەم ناوچانە بەتایبەتی بە ئامانج کرابوون، بۆ ئەم مەبەستەش یۆنامی بۆ بەدواداچوونی راستییەکان تیمەکانی ناردە ناوچەکە.
رۆژی ٢٣/١٢/٢٠١٧ یۆنامی راپۆرتی خۆی سەبارەت بە سەردانی تیمەکانیان بڵاوکردەوە، لە راپۆرتەکەدا باس لە ئاوارەبوونی ژمارەیەک لە ھاووڵاتیانی خورماتو دەکات کە روویان لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی کردووە بە پشت بەستن بە ئامارەکانی رێکخراوی جیھانی کۆچ، بەڵام ئەو ژمارەیەی کە باس کراوە کەمترە لەوەی کە لە واقیعدا ھەیە و ئامارەکانیان رەنگدانەوەی درووستی رووداوەکان، چونکە خورماتوو زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و زیاتر لە (٣١,٠٠٠) خێزان کە دەکاتە (١٠٠,٠٠٠) سەد ھەزار کەس ئاوارە بوون و شوێنەکانی خۆیان جێھێشتووە و زیاتر لە ١٥٠ خانوو تێکدراون لە نێویان ١٢ بارەگای حزبی سوتێنراوە و ٦ بارەگای دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسێکی کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی لەلایەن میلیشیاکانەوە بە دڕندەترین شێوە لە پێش چاوی خانەوادەکەی شەھید کرا و لاشەکەشی شێوێنرا ، ھەروەھا (١٩) کارگە و چێشتخانەی ھاووڵاتیان و بە سەدان مۆڵ و دوکانی ھاووڵاتیان تاڵان کراوە و سووتێندراوە، بەشێوەیەکی گشتی ئەو زیانانەی بەو شارە کەوتووە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئەوەی بۆ ئێمە مایەی سەرنج بوو لە راپۆرتەکەدا وەک پێویست ئاماژە بەم راستیانەی سەرەوە نەکراوە، چونکە ھاووڵاتیانی کورد بە پلەی یەک بوونەتە ئامانج و بەڵگەش بۆ ئەوە لە خودی راپۆرتەکەدا باس کراوە، چونکە خانووی ھاووڵاتیانی تورکمانی شیعە لەسەری نووسراوە بۆ ئەوەی دووچاری تێکدان و رووخان نەبێتەوە، بەڵام لە راپۆرتەکەد باس لەوە کراوە کە لە ئەنجامی گرژی نێوان تورکمانە شیعەکان و کوردان روویداوە تەنانەت ئاماژە بەوەش دەکات کە بەشێکی لە رووخانی گەڕەکە کوردەکان بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی لە گەڕەکی خۆیان روویداوە.
سەبارەت بە قوربانیانی رووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، بەپێی زانیارییەکانمان لە ناوچە جێناکۆکەکان زیاتر لە (١٦٨٧٢١)کەس لە کەرکووک و خانەقین و زومار و رەبیعە ئاوارەبوونە بۆ ھەرێمی کوردستان و تەواوی ماڵ و حاڵی خۆیان جێ ھێشتووە لەوانە (٨٠١١١) کەس روویان لە ھەولێر کردووە و (٢٨٧٢١) کەس چوونەتە شاری سلێمانی ھاوکات (٦١١١) کەس روویان کردووتە شارەکانی دھۆک و زاخۆ لە زومار و رەبیعەوە بەھۆی ھەڕەشەکانی حەشدی شەعبی. زۆربەی ھەرە زۆری ئاوارەکان لەلایەن ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و خزم و کەسەکانیان میوانداری کراون لە ھەرسێ شارەکانی ھەرێمی کوردستان و ھاوکات ژمارەیەکی بەرچاویان لە کەمپ و خانووی تەواو نەکراو و شوێنە گشتیەکان نیشتەجێ کراون و لە بارێکی زۆر خراپدان و پێویستیان بە ھاوکاری دەست بەجێی و بە پەلە ھەیە وەکو خواردن و خۆراک و بەتانی و پۆشاک و شیر و دایبی منداڵ و جلوبەرگ و سووتەمەنی و شوێنی نیشتەجێبوون و داودەرمان و چارەسەری تەندروستی و ژمارەیەکی زۆری ئەو ئاوارانە تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
دیارە پاش کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچەکوردستانییانە لەلایەن حەشدی شەعبییەوەلە١٦ی ئۆکتۆبەر ھاووڵاتیانی کوردی ناوچەکە رووبەڕووی چەندین جۆرە پێشێلکاری بوونەوە لەوانە توندوتیژی و تۆقاندنی ھاونیشتیمانیانی کوردو ھەڕەشەکردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە کورد بە مەستی جێھێشتنی دوزخورماتوو،ھەروەھا ھەوڵدراوە کاروچالاکی ھاونیشتیمانییانی کورد لە ناو شاری خورماتوو سنورداربکرێت و کاری نا یاسایی بەرامبەر دامودەزگا حوکمییەکانی کورد، دروست کردنی تەنگژە لە کاری ئیداری و پێدانی دەسەڵاتی ڕەھا بە ئەجێندای خۆیان. لەلایەکی دیکەوە ھەواڵی ناردوست و نا یاسایی سەبارەت بە کوردانی ئەم ناوچانە لەلایەن سەرکردەی میلیشیاکانی شیعە بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی کورد بڵاوکرانەوە و لە ھێرشەکانیان چەندین جۆری چەکی جیاواز بەکارھێنرا کە ترسی دروست بوونی جینۆسایدی لێ دەکرێت و ھاووڵاتیانی کوردی ئەم ناوچەیە چەندین قوربانییان داوە لە ئەنجامی پرۆسە سەربازییەکان.
ئەگەرچی ناوچەکانی گەرمەسێری باشووری کوردستان، بەدرێژایی ڕژێمەیەک لەدوای یەکەکانی عێڕاق ڕووبەڕووی تەعریب و ڕاگواستن بوونەتەوە، بەتایبەتی لە توزخورماتوو ھەرچەندە ئێستاش نزیکەی ٪٥٦ ی دانیشتوانی ئەو شارۆچکەیەکوردن، بەڵام کەمینەیەکی تورکمان و شیعە، ھەوڵدەدەن لەڕێگەی ھێزەوەھاوکێشەکان بگۆڕن و پشێوی و نا ئارامی لەناوچەکەدا دروست بکەن، تا دانیشتوانەکوردەکەی ئەو ناوچانەناچار بن شارەکەیان بەجێ بھێڵن و رێگا نادەن ئەوانەی ناوچەکەیان جێھێشتووە بگەڕێنەوە چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە. بۆیە ڕای گشتی ئاگاداری دەکەینەوە کەکەمینەیەکی باڵادەست دەیانەوێت بەپاڵپشتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دیمۆگرافیای ناوچەکەبگۆڕن و شارەکەلەڕێی ترس و تۆقاندنەوە، چۆل بکەن لەدانیشتووانەکوردەکەی و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاریانە دابنێت و کار بکرێت بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە و رەخساندنی بوارێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە کە لە ترسی ھەڕەشەکانی میلیشیاکانی ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتووە و لە ئێستادا ناتوانن بگەڕێنەوە، ھەروەھا کار بکرێت بۆ سزادانی ئەو کەس و لایەنانەی کە تاوانیان دەرھەق بە ھاووڵاتیانی توزخورماتوو ئەنجام داوە.
kdp-
