"لیژنە پەیوەندیدارەكان راپۆرت لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازیی حكوومەتەوە ئامادە دەكەن"

گوتەبێژی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان دراوە بە لیژنە تایبەتمەندەكان بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆیانی لەبارەوە ئامادەبكەن و، ھەفتەی داھاتوویش پەرلەمان لەبارەیەوە كۆ دەبێتەوە.

(د. محەممەد عەلی یاسین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "پڕۆژەیاسای چاكسازیی حكوومەت لە بواری مووچە و خانەنشینییەوە، لە پەرلەمانی كوردستانە و لەلایەن حكوومەتەوە رەوانە كراوە و دراوە بە لیژنە پەیوەندیدارەكانی نەزاھە و دارایی و ئەوانەی پەیوەندییان بەو پڕۆژەیاسایەوە ھەیە، بۆیە لەم حەفتەیەدا راپۆرتی خۆیانی لەبارەوە ئامادە دەكەن بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان".

(د.محەممەد) گوتیشی، ئەم حەفتەیە لیژنەكان راپۆرتی خۆیانی لەبارەوە ئامادە دەكەن، بۆیە زەحمەتە لەم حەفتەیەدا پەرلەمان كۆبوونەوەی لەبارەوە بكات و، پێدەچێ كۆبوونەوەكە بكەوێتە حەفتەی داھاتووەوە.

وەك گوتەبێژی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی دا، پەرلەمانی كوردستان سەرەتا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكات و دواتریش خوێندنەوەی دووەم و پاشان پەسەند دەكرێت.

بەپێی گوتەی پسپۆڕانی ئابووری، بە پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە پارەیەكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە كە بە ٢٠٠ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، چونكە بە گوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایە، ھەر كەسێك نابێت زیاتر لە مووچەیەكی ھەبێت و ئەوانەی بە نایاساییش خانەنشین كراون، خانەنشینییەكەیان ھەڵدەوەشێتەوە.
kdp-
Top