لوقمان حوسێن: فەرماندەیەک لە نووسینگەی عەبادی سەرپەرشتیی تەعریبکردنی قەزای دوبز دەکات

 	 لوقمان حوسێن: فەرماندەیەک لە نووسینگەی عەبادی سەرپەرشتیی تەعریبکردنی قەزای دوبز دەکات
بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕانی قەزای کەرکووک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، تەعریبکردنی گوندە کوردییەکانی سنووری قەزای دوبز بەردەوامە و دەشڵێ، فەرماندەیەکی پلە باڵای نووسینگەی (حەیدەر عەبادی) سەرپەرشتی پڕۆسەی بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکان دەکات.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ژمارەیەک عەرەبی ھاوردە گەڕاونەتەوە سنووری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دوبز و ھەڕەشەی دەرکردنی گوندنشینانی کورد دەکەن، لەم بارەیەوە (لوقمان حوسێن)، بەڕێوەبەری ناحیە سەرگەڕان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تەعریبکردنی گوندە کوردنشینەکانی سنووری ناحیەی سەرگەڕان و قەزای دوبز بەردەوامە و عەرەبەکان ڕژدن لەسەر ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و کوردیش دەربکرێت لەو سنوورە لەسەر ماڵوحاڵی خۆیان، بە پێی زانیارییەکانی ئێمە فەرماندەیەک لە نووسینگەی (حەیدەر عەبادی) بە پلەی فەریق ڕۆکن سەرپەرشتیی پڕۆسەی تەعریبکردنەکە دەکات و لە ڕۆژانی ڕابردوو ئەو فەرماندەیەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی عەرەبە ھاوردەکانی سەرگەڕانی کردبوو پێیانی ڕاگەیاندبوو ئەو پشتگیری و پاڵپشتیی عەرەبی ھاوردە دەکات بۆ ئەوەی لە شوێنی کورد نیشتەجێ بکرێن.''

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەغدا دەستی بە تەعریبکردنی سنووری پارێزگای کەرکووک و دەشتی نەینەوا کردووە و ھەزاران خێزانی عەرەب لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین و ناوچەکانی مووسڵ ھاوردەی کەرکووک و دەوروبەری کراون. بەڕێوەبەری شارەدێی سەرگەڕان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ''کێشەی سەرەکیی سنووری ناحیەی سەرگەڕان و قەزای دوبز لەوەدایە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کورد لە ئیدارەی قەزا و ناحیەدا نەماوە و ئێمە نازانین لە ئیدارە و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ چی دەگوزەرێت و ئەوان بە ئارەزووی خۆیان دەستکاریی بەڵگەنامە و گرێبەستی زەویی کشتوکاڵی سنوورەکە دەکەن.''

ناحیەی سەرگەڕان سەر بە قەزای دوبزی کەرکووکە و دوای داگیرکاریی حەشدی شەعبی، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان و فەرمانگە حکوومیەکان، ھەرچی کوردە دەرکراوە و کەسانی عەرەب لە شوێنی ئەوان دانراون، (لوقمان حوسێن) گوتی: ''ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ تەعریبکردنی سنووری کوردستان، کێشەی سەرەکی لەوەدایە جگە لەو ١٧ گوندەی سەرگەڕان، عەرەب ھێشتا داوای گوندی زیاتری کوردستان دەکات لە سنووری قەزای دوبز و پارێزگای کەرکووک بەگشتی، ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر خاکی کوردستان و ئایندەی ئەو ناوچانە.''
kdp-
Top