"حکوومەتی عێراق لە پترۆ دۆلار هیچ پارەیەکی بۆ كەركووك خەرج نەكردووە"

ئەندامێكی لێژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕای دەگەیەنێت، خروقاتەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لەبار دەبرێن و شتەكان دەگەڕێندرێتەوە دۆخی ئاسایی پێش ڕووداوەكان.

دوای ئەوەی مانگی 12ی ساڵی 2017 حكوومەتی عێراق و حكوومەتی ئێران ڕێككەوتنێكی نەوتیان بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك ئەنجام دا، ئێستا ڕۆژانە لە ڕێگای تەنكەرەوە 20 تا 30 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووكەوە ڕەوانەی ئێرن دەكرێت.

فواد حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لەو بارەیەوە ڕايگەیاند: "حكوومەتی عێراق لە نیوەی ساڵی 2013 و سەرەتای ساڵی 2014وە تا ئێستا یەك دیناری بە كەركووك نەداوە، بەڵكوو تەنیا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ لەبەر نەوتی "هاڤانا و بای حەسەن" مانگانە بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بە ئیدارەی كەركووك داوە، بەڵام ئێستا ئەو پارەی هەرێمی كوردستانیش نەماوە، چونكە حكوومەتی عێراق بە داگیركردنی كێلگە نەوتییەكان ئەوەشی بڕی، بۆیە ئەوەش بەشێكە لە بەهەدەردانی نەوتی كەركووك".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەشڵێت: "كەركووك تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونكە ناوچەیەكی جێناكۆكە و دەبێ بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بفرۆشرێت، هەروەها مادەكانی 111 و 112ی لە دەستووردا ڕاشکاوانە باس لەوە دەکرێت دەبێ لەگەل حكوومەتی خۆجێی ئەو ناوچانەی نەوتیان هەیە، پێكەوە ئاگایان لە سیاسەت و ستراتیژیی نەوت بێت، بەڵام حكوومەتی عێراق نەگەڕاوەتەوە بۆ ئیرادەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك".

فواد حوسێن ڕوونیشی كردەوە، هەندێك مادەی دەستووری دەسەڵات بە تۆ دەدات بەدواداچوون بكەن و بەشدار بن لە سیاسەت و ستراتیژی نەوت، بەڵام ئەقڵیەتی بەغدا مەركەزی و پاوەنخوازییە و دەسەڵاتەكانی بۆ خۆی قۆرخ كردووە و دەشڵێت: "كەركووك لەسەر بەحری نەوتە و 13 بۆ 14 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە و تا ئێستا عێراق مەسفای نەوتی پێ ڕەوا نەبینیوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەگەر بێت و ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئەكتیڤ بكرێتەوە، ئەوا پێشێلکارییەکان دوای 16ی ئۆكتۆبەر كراوە لەبار دەبرێن و دەگەڕێندرێنەوە دۆخی جارا واتە پێش 16ی ئۆكتۆبەر".









باسنيوز
Top