کەرکووک.. دژی پارێزگارەکەی حەشدی شەعبی خۆپیشاندان ئەنجام درا

 کەرکووک.. دژی پارێزگارەکەی حەشدی شەعبی خۆپیشاندان ئەنجام درا
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2/1/2018، ژمارەیەک لە ھاووڵاتییانی کەرکووک، لە نزیک پردی خاسەی شارەکە، خۆپیشاندانیان دژ بە ڕاکان سەعید، پارێزگارەکەی حەشدی شەعبی لە کەرکووک ئەنجام دا.

خۆپیشاندانەکە لە ژێر ناوی بڕیار و ھەنگاوەکانی راکان سەعید، شیرازەی کۆمەڵایەتی تێک دەدات، دەستی پێکرد.

ئەدەھەم جومعە، ڕێکخەری خۆپیشاندانەکە، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکە، ڕای گەیاند: "ئێمە وەک خەڵکی کەرکووک پێشتریش ھەر لەم شوێنەوە بە خۆپیشاندان بەرگریمان لە خەڵکی ئەم شارە کردووە، ئێستاش بەرگری لە خەڵک دەکەین و ڕێگری دەکەین لە پڕۆسەی تەعریب کە ڕاکان سەعید، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک دەستی پێکردووە".

ئەو رێکخەرەی خۆپیشاندەکە، ئەوەشی خستەڕوو، کە دەبێت ھەموو مافە ڕەواکانی کورد کەوانەی کە لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق نووسراون جێبەجێ بکرێت.

ھەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەکە، ھێزە ئەمنییەکان بە زۆر بڵاوەیان بەخۆپیشاندەران کرد و تەنانەت نەیانھێت رۆژنامەنووسان رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.

ئەو خۆپشاندانە دوای ئەوە ھات کە دوای خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی حکوومەتی عێراق و ئیدارەی ئێستای شاری کەرکووک، دەستیان بە پڕۆسەیەکی چڕی تەعریبکردن چەندین شێوازی جیا جیا کردووە، لە نێوانیاندا 17 گوندی کوردنشینی شارەدێی سەرگەرانی سەر بە شارۆچکەی دووبز لە سنووری پارێزگای کەرکووک، تەعریب کراون.

بەپێی زانیارییەکان، ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک، ئەدھەم جومعە، رێکخەری خۆپیشاندانەکەیان دەستگیر کردووە و تا ئێستا ئازاد نەکراوە.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.







باسنیوز
Top