یەكگرتوو: بەنیازن جارێکی دیکە کورد جیۆساید و تەعریب بکەنەوە

 یەكگرتوو: بەنیازن جارێکی دیکە کورد جیۆساید و تەعریب بکەنەوە
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، پێویستە سەرۆك كۆماری عێراق وەك پارێزەری دەستوور ڕۆڵی خۆی ببینێت و سەرۆكوەزیران ناچار بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، هەروەها هێزەكانیش ناچاری كشانەوە بكات.

د موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 2/1/2018 لە پرێنس كۆنفرانسێكدا ڕای گەیاند: "ئەو ناوچانەی كە لە ساڵێ 1975دا بە بڕیارێكی "ئەنجومەنی قیادەی سەورە"ی ڕژێمی پێشوو تەعریب كران و عەشایەری عەرەبیان هێنایە سەر ماڵ و زەوی كورد و جێگیریان كردن، زوڵمێكی شەرمهێنەر، تاوانی جەنگ جینۆسایدیان ئەنجام دا، ئێستاش پۆلیسی فیدراڵی بەناوی لێژنەی دەوڵەت و دەستوورە و بە چەكی دەوڵەتەوە دەچنە گوندەكان ئەیانەوێ تەعریبی بكەنەوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو گوتیشی: "بە چ حەقێك پارێزگاری كەركووك، قیادەی ئۆپەراسیۆنی سەلاحەدین و بەرپرسی لیوای 11 و پۆلیسی فیدراڵی بە هێزی چەكەوە خەڵك دەخەنە بەر هەڕەشە بۆ ئەوەی ناوچەكانیان چۆڵ بكەن، ئەمەش زەنگێكی مەترسیدارە و ئەیانەوێت جارێكی دیكە ناوچەكان تەعریب بكەن و كورد زەلیل بكەن".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ڕەنگە عێراق بیەوێت هەرێمی كوردستان لەناو ئەم قەیرانانەوە بخاتە ناو شەڕی ناوخۆوە، بۆیە ئەمەش بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی عەبادی و حكوومەتەكەی دروست دەكات، نابێ یاری بەم ئاگرانە بكەن و بەپێی دەستووریش ئەوە هێڵی سوورە".

د. موسەنا ئەمین لە پرێنس كۆنفرانسەكەدا پەیامێكی ئاراستەی سەرۆك كۆماری عێراق كرد و داوای لێ كرد وەك پارێزەری جێبەجێكردنی دەستوور، ڕۆڵی خۆی ببینێت بە ناچاركردنی حكوومەت بۆ پێدانی بودجە، ناچاركردنی هێزەكان بە كشانەوەیان لە ناوچە کوردستانییەکان، ناچاركردنی عەبادی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی هەموو كێشەكان بە ڕاشكاوی لە پێش میدیاكان بۆ شەقامی عێراقی ڕوون بكرێتەوە".














باسنيوز
Top