گۆڕان هەوڵێکی دیکە لەپێناو هێنانی دەسەڵاتی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دەدات

 گۆڕان هەوڵێکی دیکە لەپێناو هێنانی دەسەڵاتی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دەدات
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات، چاودێران و پەرلەمانتارانیش ئەمە بە هەوڵێکی دیکە دژی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەزانن.

پاش ئەوەی هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان داوای لە عەبادی کرد، ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات، نەک لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە. عادل نووری، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: ”بەداخەوە هەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەغدا بھێنرێتە کوردستان یان کوردستان ھەڵوەشێتەوە و ببەسترێتەوە بە بەغداوە، وەک پارێزگایەکی عێراق مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکرێت“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە هەوڵەکە ئەوەیە بە هەر جۆرێک بێت، ”عەبادی واتێبگەیەندرێت کە پارە بە خەڵک بدرێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ، بەو مانایەی پارەکە مەرکەزیەتی لە بەغداوە بێت، دیارە لە کوردستانەوە خەریکە چاوساغی بۆ عەبادی دەکرێت، وەک ئەوەی نەخشەی بۆ دابنرێت چۆن کوردستان داگیر بکات“.

عادل نووری ئەم هەوڵەی بە ”ئەوپەڕی ملکەچبوون بۆ دەسەڵاتی بێگانە“ وەسف کرد. گوتیشی: ”ھەموو ئەم شتانە تۆڵەی سیاسییە، ئەگینا بەغدا هەقی چییە پارەی ئەم وەزارەت و ئەم دەستەیە بدات؟ فەرمانبەر زیادە یان کەمە و پارە چۆن خەرج دەکرێت و بە کێ دەدرێ؟ بەغدا نابێت تەدەخولی ئەم شتانە بکات، ئەوەی لەسەر بەغدایە بودجەی 17٪ بنێرێت، ئیتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی بەرپرسیارە چۆن مامەڵە دەکات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم ھەوڵەش شکست دێنێت، چونکە مۆدیلی کۆیلایەتی بۆ بەغدا نەماوە".

لەلایەن خۆیەوە ئیسلام حوسێن، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: ”داواکارییەکەی هۆشیار عەبدوڵا بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە، بەشێکە لەو هەوڵانەی لە دژی هەرێمی کوردستان دەدرێن و درێژەدانە بە پیلانەکانی 16ی ئۆکتۆبەر“.

هاوکات سادق جەباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێدەچێت ئەو پەرلەمانتارە بیری چووبێت ئەم هەرێمی کوردستانە بە خوێنی سەدان هەزار کەس دروست بووە؟ بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە عەبادی جیاوازیی زەرد و سەوز و سوور لە کوردستاندا ناکات، ئیتر ئەم خۆ ھەڵکێشانە لەبەردەم دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ؟“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەی گۆڕان هەموو ڕووداوێک وەک دەرفەتێک دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی هانی بەغدا بدات، دەسەڵاتی زیاتری بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی ڕابردووی دەڤەری سلێمانیش، تاڤگە ئەحمەدی ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق داوای لە عەبادی کردبوو، بە بیانووی خۆپیشاندانەکان دەستێوەردان لە کاروباری هەرێمی کوردستاندا بکات.












باسنیوز
Top