حەشدی شەعبی پرۆسەی بە شیعەكردنی داقووقی بە چڕی دەست پێ كردووە

 حەشدی شەعبی پرۆسەی بە شیعەكردنی داقووقی بە چڕی دەست پێ كردووە
دوای داگیركردنی شارۆچكەی داقووقی سەر بە پارێزگای كەركووك، لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە، ئێستا ئەو میلیشیایانە پرۆسەی بە شیعەكردنیان لە داقووق بەچڕی دەست پێكردووە و عەرەبی هاوردەیان هێناوە و لەسەر ماڵ و موڵک و زەوی و زاری کورد دایان دەنێن.

ئەمڕۆ سێشەممە 2/1/2018، ئەبو مستەفا ئیمامی، فەرماندە لە میحوەری باكووری حەشدی شەعبی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە كەلە ڕێورەسمێكدا لە داقووق وێنەی ژمارەیەك لە كەسایەتییە ئایینییەكانی شیعەكان كە لەنێویاندا وێنەی خومەینی و خامنەیی هەیە، هەڵواسران.

هاوكات بەپێی زانیارییەكان میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هاوشێوەی خورماتوو لە داقووقیش دەستیان كردووە بە تەقاندنەوەی و سووتاندنی خانووی هاووڵاتییانی كورد و بەو هۆیەشەوە دەیان هەزار كوردی ئەو شارۆچكەیە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون.

پێشتر، ئەمیر خوا كەرەم، قایمقامی شارۆچكەی داقووق كە كورد بوو ڕایگەیاندبوو: "لەژێر فشاری چەكداراندا، ئەنجومەنی شارۆچكەی داقووق منیان لە پۆستەكەم دوور خستەوە".

بەپێی زانیارییەكان ئێستاش كەسێكی توركمانی شیعە كراوەتە قایمقامی شارۆچكەی داقووق.

شارۆچكەی داقووق، بە دووری 30 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری شاری كەركووك لە سەر ڕێگای نێوان كەركووك-خورماتووە، پێكهاتەكانیشی پێكدێن لە كورد و عەرەب و توركمان و ژمارەیەكی بەرچاو لە كوردانی كاكەیی نیشتەجێی داقووق و گوندەكانی دەوروبەری ئەو شارۆچكەیەن.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.









باسنیوز
Top