گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ڕاوێژکارێکی عەبادی دەداتەوە
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای دروستبوونی کێشەکانەوە، داوای کردووە کێشەکان بەڕێگای دەستوور و بەشێوەیەکی ئاشتییانە، چارەسەر بکرێن.
سەفین دزەیی لەبارەی کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاندووە، کە لە دەستوور و یاساکانی عێراقدا باسی ”رادەستکردن“ی دەروازەکان بە حکوومەتی عێراق نەکراوە، بەڵکو ”یاساکان باس لە بەڕێوەبردنی هاوبەش دەکەن“.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تا ئێستا گفتوگۆی جددی لەنێوان هەولێر و بەغدا دەستی پێ نەکردووە، بەڵام ”هەست بە ویستێک بۆ گفتوگۆ لەلایەن بەرپرسانی بەغداوە، دەکەین“.
پێشتر ئیحسان شەمەری، راوێژکاری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، بەغدا دەروازە سنوورییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرێتەوە.
رۆژی سێشەممە 2/1/2017، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەردوو دەروازەی پەروێزخان لە سنووری شاری خانەقین و حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێری بەڕووی کوردستاندا کردەوە، کە دوای ریفراندۆم، لەسەر داوای عێراق و بۆ سزادانی گەلی کوردستان، دایخستبوون.
دوو رۆژ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، ئێران مەرزەکانی بەڕووی هەرێمی کوردستاندا داخست.
دواتر دوای نزیکەی 10 رۆژ لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئێران مەرزی باشماخی لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا، کردەوە.
باسنيوز
