ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندرووستی ڕەوانەی بەغدا دەکرێ
د. خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، بڕیارە ئەم ھەفتەیە، نوێنەرانی وەزارەتی تەندرووستی و پەروەردە، بەمەبەستی گفتوگۆ کردن لەسەر مووچەی فەرمانبەران، سەردانی بەغدا بکەن و لێژنەی تایبەت بە گفتوگۆکردنی مووچەی فەرمانبەران ببینن.
جەختیشی لەوە کردەوە کە نابێت دەستکاری مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بکرێ، چونکە: ”ئەوانەی لە لیستەکەدان، فەرمانبەری خۆمانن و لەلای ئێمە مووچە وەردەگرن، ھەروەھا ئەو لیستەش لیستی ناوەکانیانە و گفتوگۆیان لەسەر دەکەین".
لە بارەی چارەنووسی ئەو فەرمانبەرانەی مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ؟، خاڵس قادر ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوانەی مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، باسیان لێوە دەکرێت کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ؟ چی دەکرێ؟، بەڵام ئاساییە کەی مۆڵەتیان تەواو بوو، دێنەوە سەر کارەکانیان و ئەو کاتەش ئاسایی چۆن مووچەیان وەرگرتووە، ھەروا دەمێننەوە و ناوەکانیان زیاد دەکرێت".
هەر لەمبارەیەوە ئارێز عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "ئێمە لە ڕگەیاندنەکانەوە بیستوومانە کە حکوومەتی عێراق داوای لیستی مووچەی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، بەڵام ئەو ھەنگاوە چارەسەر نییە و بەڕای من دەستی دەستی پێکردنە".
جەختیشی لەوە کردەوە: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پێویستە گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا دەست پێ بکات، بەڵام ئێستا بەغدا خۆی لە چارەسەرکردنی کێشەکان دەدزێتەوە".
حکوومەتی عێراق لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی بڕیوە کە پێشتر ساڵانە لە 17٪ی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان.
باسنیوز
