ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندرووستی ڕەوانەی بەغدا دەکرێ

 ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندرووستی ڕەوانەی بەغدا دەکرێ
بڕیارە لەم هەفتەیەدا لیستی مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستی ڕەوانەی بەغدا دەکرێ تاوەکوو حکوومەتی عێراق وردبینییان تێدا بکات، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە پەرلەمانی عێراق نایشارێتەوە کە ئەم هەنگاوە ”چارەسەر نییە“.

د. خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، بڕیارە ئەم ھەفتەیە، نوێنەرانی وەزارەتی تەندرووستی و پەروەردە، بەمەبەستی گفتوگۆ کردن لەسەر مووچەی فەرمانبەران، سەردانی بەغدا بکەن و لێژنەی تایبەت بە گفتوگۆکردنی مووچەی فەرمانبەران ببینن.

جەختیشی لەوە کردەوە کە نابێت دەستکاری مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بکرێ، چونکە: ”ئەوانەی لە لیستەکەدان، فەرمانبەری خۆمانن و لەلای ئێمە مووچە وەردەگرن، ھەروەھا ئەو لیستەش لیستی ناوەکانیانە و گفتوگۆیان لەسەر دەکەین".

لە بارەی چارەنووسی ئەو فەرمانبەرانەی مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ؟، خاڵس قادر ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوانەی مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، باسیان لێوە دەکرێت کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ؟ چی دەکرێ؟، بەڵام ئاساییە کەی مۆڵەتیان تەواو بوو، دێنەوە سەر کارەکانیان و ئەو کاتەش ئاسایی چۆن مووچەیان وەرگرتووە، ھەروا دەمێننەوە و ناوەکانیان زیاد دەکرێت".


هەر لەمبارەیەوە ئارێز عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "ئێمە لە ڕگەیاندنەکانەوە بیستوومانە کە حکوومەتی عێراق داوای لیستی مووچەی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، بەڵام ئەو ھەنگاوە چارەسەر نییە و بەڕای من دەستی دەستی پێکردنە".

جەختیشی لەوە کردەوە: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پێویستە گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا دەست پێ بکات، بەڵام ئێستا بەغدا خۆی لە چارەسەرکردنی کێشەکان دەدزێتەوە".

حکوومەتی عێراق لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی بڕیوە کە پێشتر ساڵانە لە 17٪ی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان.








باسنیوز
Top