پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان: وڵاتانی زلهێز گوشار بۆ عێراق دێنن پابەندی دەستوور بێت

 پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان: وڵاتانی زلهێز گوشار بۆ عێراق دێنن پابەندی دەستوور بێت
شارەزایەكی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ڕای دەگەیەنێت، لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە گوشار بۆ حکوومەتی عێراق دێنن، پابەندی دەستوور دەكرێت، هەروەها ستراتیژیی نوێ لە عێراق جێبەجێ دەكرێت كە سوودی كوردیشی تێدایە.



دڵشاد نامیق، شارەزا لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە (باسنیوز)ی ڕای گەیاند: "دوای دەنگۆی كۆتایی پێهێاتنی داعش لەلایەن عەبادییەوە، حكوومەتی ئێستای عێراق جەخت لەسەر دوو خاڵ دەكاتەوە، یەكەمیان جێبەجێكردنی دەستوور، دووەمیان بنبڕكردنی گەندەڵی، ئەمە لە كاتێكدا هەموو ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان كردوویەتی بەناوی دەستوورەوە بووە، هەر بۆیە ئێستا ئەو خاڵە بۆ چاودێرانی دۆخی عێراق دەركەوتووە كە دەستوور وەك چەكێك بۆ هەیمەنەی باڵەكەی عەبادی و هاوپەیمانەكانی لە دەرەوە و ناوەی حكوومەت بەكار دەهێنرێت، بۆ ئەوەی چوار ساڵی دیكە حوكمی عێراق بكەن".



ئەو شارەزایەی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەشڵێت: "ئەم بابەتەش پرساری لەلای وڵاتە زلهێزەكانی وەك ئەمریكا، یەكێتی ئەورووپا، بەریتانیا وڵاتانی هەرێمی وەك توركیا و وڵاتانی کەنداو دروست كردووە، كە حكوومەتی عێراق بەرەو و كەمینە دەڕوات و ناتوانێت تەمسیلی تەواوی پێكهاتەكانی عێراق بكات، وەكوو ئێستا كە كورد لە پۆستە سیادییەكان بەس پۆستی سەرۆك كۆماری هەیە كە ئەویش هیچ دەسەڵاتێكی نییە، بۆیە شەرعییەتی ئەم حكوومەتە كەوتووەتە ژێر پرسیارەوە".



دڵشان نامیق، جەختیش دەكاتەوە كە ئەو ستراتیژییەی لە 2018دا بڕیارە لەلایەن یەكێتیی ئەورووپاوە لە عێراقدا جێبەجێ بكرێت، حكوومەتی عێراق بەتەواوی پابەند دەكات بە دەستوورەوە، واتە لە مادەی 140وە تا دیباجەی دەستوور كە دەڵێت "پابەندبوون بە دەستوور زامنی یەكپارچەیی خاكی عێراقە و ئەوەش ماوەتەوە یەكێتیی ئارەزوومەندانە لە نێوان پێكهاتەكاندا جێبەجێ بكرێت"، ئەوەش بەو واتایەی ئەگەر عێراق بە دەستوورەوە پابەند بكرێت هەموو پێكهاتەكان بە هەرێمی كوردستانەوە بە مافەكانیان دەگەن".



لە درێژەی وتەكانیدا ڕوونیشی كردەوە، كە یەكێتی ئەورووپا هەروەها ئەمریكاش دەیانەوێت حكوومەتێك لە عێراق بنیات بنرێ نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكان بكات، ئەگەر ئەو ستراتیژییەتە نوێیەش شكستی هێنا و دەستووریش جێبەجێ نەكرا، هەر وەك لە مادەی 140دەستووردا هاتووە بە جێبەجێ نەكردنی دەستوور دەبێ نەتەوەیەكگرتووەكان وەك ناوبژیوان بێتە ناوەوە، دەشڵێت: "ئەگەر حكوومەت هەر بەرەو تاك ڕەوی بڕوات خەڵكی كوردستان بیر لە شێوەیەكی دیكەی پەیوەندی لەگەڵ عێراق دەكەنەوە، ئەوەش بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بڕیاری لێ دراوە دەوڵەتی كوردستانە".



باسنیوز
Top