لایەنگرانی یەکێتی نامەیەکی توند بە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر دەدەن

 لایەنگرانی یەکێتی نامەیەکی توند بە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر دەدەن
کادیرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خورماتوو ئاشکرای کرد، گەنجان و کادیرانی مەڵبەندی خورماتووی یەکێتی، نامەیەکی توندیان بە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر داوە و نیگەرانیی خۆیان لەمبارەیەوە دەربڕیوە.



حەمید ئیسماعیل، کادیری مەڵبەندی خورماتووی یەکێتی ڕاگەیاند: “دوێنێ حەشدی شەعبی فولکەی (دانیاری ئاسایش) کە ئێمە بە هێمای شەهیدانی خورماتووی دەزانین، ڕووخاندووە”.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی شوێنەواری کوردستانیبوونی خورماتوو بسڕێتەوە. گوتیشی: “ڕووخاندنی فولکەکە هەنگاوی سەرەتایە و قۆناغی دوای ئەمە ڕووخاندنی ئەو ماڵە کوردانەیە کە تاوەکوو ئێستا نەڕووخێندراون”.



حەمید ئیسماعیل ئەوەی نەشاردەوە کە ئەوان پێیانوایە، “ئەم کارە دەرئەنجامی ئەو دەست تێکەڵکردنەبوو کە چەند کەسێک لەناو یەکێتی لە 16ی ئۆکتۆبەر کردیان”. گوتیشی: “هەتا ماوین دەبێ باجی ئەو دەست تێکەڵکردنە بدەین".



کادیرەکەی مەڵبەندی خورماتووی یەکێتی ئاشکرای کرد کە گەنجانی حزبەکەی لە کەرکووک و خورماتوو، لە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر تووڕەن و نامەیەکی توندیان بەو گرووپە داوە و داوایان کردووە ڕێگەچارەیەکی بەپەلەیان لێ بکرێت، چونکە “تا ماوین جارێکی دیکە بە ئازادانە لە خورماتوو ناتوانین بژین”.





ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".



ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.








باسنیوز
Top