بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و نەمانی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك داعش سەری هەڵداوەتەوە
عەدنان كەركووكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك-گەرمیان، ڕاگەیاند: لەبەر نەمانی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك، ئێستا تیرۆریستانی داعش لە سنووری كەركووك و بەتایبەت لە حەویجە سەریان هەڵداوەتەوە و هەڵبەتە ئەو تیرۆریستانە هێشتا لەو سنوورە كۆتاییان پێ نەهاتووە".
ئەو ئەندام سەرکردایەتییەی پارتی گوتیشی: "بەپێی زانیارییەكانمان حەشدی شەعبی لە ڕۆژانەی داهاتوو بە حیساب دەیانەوێت هیەشێک ئەنجام بدەن بۆ دەستگیركردنی تیرۆریستانی داعش، بەڵام ئێستا خەڵكی سنووری حەویجە گومانیان هەیە لە ڕاگەیاندنی ئەنجامدانی ئەو هەڵمەتە، چونكە ڕەنگە ئەو هەڵمەتە بۆ گرتن و ڕاوەدوونانی خەڵكی بێتاوان بێت، بۆ ئەوەی دەستگیریان بكەن".
عەدنان كەركووكی، ئەوەشی خستە ڕوو: "دەسەڵاتی سەپێنراوی حەشدی شەعبی لە كەركووك لە گرتنە دەستی دۆسیەی تەناهیی شارەكە فەشەلی هێناوە".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بوایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنیوز
