سه‌ڵاحه‌ددین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ره‌تیده‌كاته‌وه‌ حزبه‌كه‌ی له‌ پشته‌وه‌ی ره‌واجپێدان بێت به‌و دراوانه‌

 سه‌ڵاحه‌ددین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین  ره‌تیده‌كاته‌وه‌ حزبه‌كه‌ی له‌ پشته‌وه‌ی ره‌واجپێدان بێت به‌و دراوانه‌
سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، له‌ په‌یجی فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌ باره‌ی (بتكۆین) و (وەنكۆین)، كه‌ دوو دراوی ئه‌لیكترۆنین، بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و ره‌تیده‌كاته‌وه‌ حزبه‌كه‌ی له‌ پشته‌وه‌ی ره‌واجپێدان بێت به‌و دراوانه‌.

به‌ گوێره‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی، بەهیچ جۆرێك دوور و نزیك ئەم بازرگانییە وەهمی و ناڕوونە، پەیوەندی بە حیزبەوە نییەو، ئێمەش لە زاری خەڵكەوە بیستوومانە كە كەسانێك توش بوون و مومارەسەی ئەكەن و، بازاڕی بۆ گەرم ئەكەن، ئەوە كارێكی شەخسییەو خۆیان وەك شەخس بەرپرسن لە ئەنجام و بەرهەمی كارەكەیان.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو:

"رونكردنەوەیەكی پێویست

ماوەیەكە گفتوگۆ لەسەر بابەتی (بتكۆین) و (وەنكۆین) دەكرێت، كە گوایە كاسپییەكە لەناو یەكگرتووەكاندا رەواجی پێ دەدرێت و یەكگرتووی لە پشتەوەیه، بۆ بەرچاو روونی و ئاگاداری هەموو لایەك دەڵێین:

1- لایەنی فیقهی و یاساییەكەی بەجێ دەهێڵم بۆ زانایانی شارەزا، كە فتوای ئاشكرایان لەسەر داوەو، بە كارێكی ناروون و شوبهەو بێ رەسید و بێ زەمانەت ئەیناسێنن و، كەسی موسڵمانی پابەند بە رزقی حەڵاڵ خۆی بەدوور ئەگرێ لە شتی وا گوماناوی.

2- لەبارەی پەیوەندی بە یەكگرتووە راشكاوانە رایدەگەیەنین، بەهیچ جۆرێك دوور و نزیك ئەم بازرگانییە وەهمی و ناڕوونە، پەیوەندی بە حیزبەوە نییەو، ئێمەش لە زاری خەڵكەوە بیستوومانە كە كەسانێك توش بوون و مومارەسەی ئەكەن و، بازاڕی بۆ گەرم ئەكەن، ئەوە كارێكی شەخسییەو خۆیان وەك شەخس بەرپرسن لە ئەنجام و بەرهەمی كارەكەیان.. ئێمەش تەوسییە ئەكەین كە ئەندامانی یەكگرتوو خۆیان بەم كاسبییە وەهمییەوە خەریك نەكەن و، پارەی حەڵاڵی خۆیان با كەمیش بێ، لەو زۆرە خەیاڵییە باشترە.

3- هەر لەو بارەیەوە جەخت لەوە دەكەینەوە كە مەرجەعی شەرعی ئەم جۆرە بابەتانە تەنیا زانایانی شەرعییە، نەك ئەو كەسانەی كە خۆیان تووش بوون و، بە كەمێك شارەزایی و رۆشنبیریی ئاینییەوە دەیانەوێ ئەم كارە گوماناوییە بشەرعێنن و، قسەی ئەهلی عیلم و فتواو پسپۆڕی پشتگوی بخەن.

سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

2/1/2018"




K24
Top