ھەولێر و بەغدا دەچنە دانوستانەوە
بۆ دانوستان لە نێوان ھەرێم و بەغدادا و تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوانیان، سەرۆککۆماری عێراق ھەوڵەکانی خستنە گەڕ و لەگەڵ بڕیاربەدەستانی بەغدا و هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە، وەک ئەوەی (د. فواد مەعسووم) ڕایگەیاندووە و ڕاوێژکارەکانیشی جەختی لێ دەکەنەوە، ئامانج سەرۆککۆمار، لێکنزیککردنەوەی حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدایە تا پێکەوە کۆ ببنەوە و کێشە هەڵپەسێردراو و کەڵەکەبووەکانی نێوانیان چارە بکەن.
(د.عەبدوڵڵا عەلیاوەیی) کە راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراقە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دەستپێشخەرییەکەی سەرۆککۆماری عێراق ھەنگاوی باشی بریووە. لەگەڵ ھەموو لایەنەکان گفتوگۆی کردووە و زۆریش بەرەوپێش چووە. بڕیاریش وایە لە ھەفتەی دابێ ھەرسێ سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزیران و پەرلەمان کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن و لەو کۆبوونەوەیەدا پێشنیازی دەستپێکردنی دانوستان لەنێوان ھەرێم و بەغدا بخرێتە ڕوو."
لە پاش ڕاپرسیی بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان لە ٢٥ـی مانگی ٩ـی ساڵی ڕابردوودا، پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا تا ئاستی پچڕان چوو، سزادانی خەڵکی کوردستان لە لایەن بڕیاربەدەستانی بەغداوە پێی نایە قۆناغی مەترسیدارەوە.
لەو بەروارەوە تا بە ئێستایش دەگات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە جەندان بۆنەدا ئامادەییی خۆی بۆ دانوستان بەگوێرەی دەستووری عێراقی فیدراڵ پیشنیاز کردووە، کەچی حکوومەتی بەغدا بە پاساو و بیانووی جیاجیاوە، خۆی لە دانوستان و دایەلۆگ دزیوەتەوە.
(د.عەبدوڵڵا عەلیاوەیی) پێی وایە، ھەفتەی دابێ گفتوگۆ لەنێوان ھەرێم و بەغدا دەستپێبکات و "لە کۆبوونەوەی ھەرسێ سەرۆکایەتیش بڕیاری لەبارەوە دەدرێت و سەرۆکوەزیرانیش ئامادەیی حکوومەتەکەی بۆ دانوستان رادەگەیێنێ."
(عەلیاوەیی) گوتیشی، پێویستە گفتوگۆ لەنێوان ھەردوو سەرۆکوەزیران بکرێت و ئەوان لیژنەی ھونەری ھاوبەش دروست بکەن، بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە وەک ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆککۆمار دەڵێ، "تەنھا بە بڕیاری سیاسی کێشەکان چارەسەر نابن و پێویستە بە شێوەی کرداری ئەو کارە بکرێت."
kdp-
