لە 2017ـدا زیاتر لە 2 ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان
(بارزان محەممەد) بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لە دوو رۆژی رابردوودا بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵەوە، نزیكەی 9 هەزار گەشتیار روویان لە دەڤەری سۆران كرد، شوێنەكان هەموو پڕ ببوون لە گەشتیار، بە تایبەتی كۆڕەك و شنگلبانە، كە تا ئێستایش ژمارەیەكی باش لە گەشتیاران ماونەتەوە و هاتنی گەشتیارانیش بەردەوامە".
(محەممەد) هەروەها روونیشی كردەوە، "ئێمە ئامادەكارییەكی باشمان كردبوو و چەندین ئاهەنگ لە شەوی سەری ساڵ لە شوێنە گەشتیارییەكان بەڕێوە چوون، توانییشمان شەوێكی خۆش و بە بێ كێشە دەرباز بكەین، لەگەڵ ئەوەی دەزگا ئەمنییەكان لە ئامادەباشیی تەواودا بوون".
لە لایەكی دیكەوە، (نادر رۆستی) گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "لە ساڵی 2017 بە بەراورد بە ساڵی 2016 هاتنی گەشتیاران زیادی كردووە، چونكە لە ساڵی 2017 تا مانگی 9 زیاتر لە 2 ملیۆن گەشتیار هاتبوونە هەرێمی كوردستان، بەڵام لە 2016 لە هەموو ساڵەكەدا ملیۆنێك و 600 هەزار گەشتیار هاتبوونە كوردستان، لە 4 مانگی كۆتایی ساڵی 2017 و بە تایبەتی لە سەری ساڵیشدا، رێژەیەكی زۆری گەشتیاران هاتبوونە هەرێمی كوردستان".
kdp-
