کۆمسیۆن، حەفتەی دابێ وردەکاری پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەخەینە ڕوو
ماوەیەکە کۆمسیۆن دەستی کردووە بە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران، لەبەر ئەوەی ھەندێک لایەن پێیان وایە لەو تۆمارەدا ناوی دووبارە و مردوو زۆرە و ھەر جارە و لێدوانێک لەو بارەیەوە دەدرێت و بە پێی دواین لێدوانیش باس لەوە دەکرێت، زیاتر لە٦٠٠ ھەزار دەنگی مردوو و دووبارە لەو تۆمارەدا ھەیە.
لەوبارەیەوە گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان، (شیروان زرار)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی تۆماری دەنگدەرانەوە بڵاو دەکرێنەوە ڕاست نین، چونکە تۆماری دەنگدەران تەنیا لای ئێمە ھەیە و کەسی دیکە لێی ئاگادار نییە و زۆر قسەش لەسەر ئەو پرسە دەکرێت، ھیچی ڕاست نییە، لەبەر ئەوەی ھەندێک باس لەوە دەکەن یەک ملیۆن دەنگی زیادە ھەیە، لە کاتێکدا ژمارەی دەنگدەر ھەمووی سێ ملیۆن و٥٠٠ ھەزار دەنگدەرە، بۆیە ھەرلێدوانێک لەوباریەوە بدرێت ڕاست نییە و پێشبینیی ئەو کەسانەیە کە قسە دەکەن."
لەبارەی پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەرانەوە، (شیروان زرار) گوتی: "ئێمە وەکو کۆمسیۆن بۆ ئەوەی ئەو گومانانە نەمینێت، بڕیارمان داوە حەفتەی داھاتوو کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدەین و وردەکاریی تەواو لەبارەی تۆماری دەنگدەرانەوە بخەینە ڕوو، کە چ کەموکووڕییەکی ھەیە بە داتای تەواو و، کۆپییەکیش بە لایەنەکان دەدەین بۆ ئەوەی ھیچ گومانێکیان نەمینێت، بەڵام کەموکوڕییەکان بەو شێوەیە گەورە نین، کە باس دەکرێت."
(زرار) گوتی: "ئێمە ھەمووان دڵنیا دەکەینەوە کە تۆماری دەنگدەران بە تەواوی پاک کراوەتەوە و دەنگی دووبارە و مردوو لابراون، چونکە ئەو تۆمارە لە بەغدا بۆ ئێمە نێردراوە و ھیچ کەسێک نەبینیووە و لای ئێمە ھەیە و ھەموو کۆد و ژمارەیە و کەس ناتوانی بیکاتەوە، جگە لە ئێمە."
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "ڕاستە کەموکووڕی لە تۆمارەکەدا ھەیە، بەڵام خەتاکە لای ئێمە نییە و لە بەغدا خۆیەتی، چونکە ئەوان بە پێی فۆرمی خۆراک کار دەکەن و سەرژمێری نەکراوە، بۆیە ئێمە حەفتەی داھاتوو وردەکارییەکان دەخەینە ڕوو، جا ئەگەر لایەنەکان گرفتێکیان ھەبێت، دەتوانن تانەی لێ بدەن و ئێمەش چارەسەری دەکەین."
kdp-
