"بەغدا چەندە دانوستان دوا بخات، هێندەی دی وڵاتان پشتگیری هەولێر دەکەن "
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن و چەندین جاریش دەستپێشخەرییان کردووە بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکرێت، بەڵام بەغدا ڕازی نەبووە و ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کەمکردنەوەی فشاری نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات لەسەر ئاستی وەزارەتەکان گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێم دەکات.
لەوبارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، (د. عەرەفات کەرەم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "بڕیارە سبەی بگەڕێنەوە بۆ بەغدا و ڕۆژی چوارشەممەش پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە دوای پشووی زستان ئەنجام دەدات و ئێمەش چاوەڕێی ئەوە دەکەین گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت و بزانین حکوومەت وەڵامی داواکاریی ئێمە دەداتەوە، ئەگەر وەڵامی ئێمە بدرێتەوە و داواکاریەکانمان جێبەجێ بکرێن، دەنگی پێ دەدەین، بەڵام گەر جێبەجێ نەکرابێتن، ئێمەش دەنگی پێ نادەین و بایکۆتی گفتوگۆکانی بودجە دەکەین."
لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان ھەرێم و بەغدا (د. عەرەفات کەرەم) گوتی: "ئەوەی بەغدا باسی دەکات کە مووچەی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی ڕەوانە دەکات، وەکو پەیامێکە بۆ دەرەوە، کە گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێم دەکات، بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باش دەزانێت کە ئەمەی دەکرێت گفتوگۆ نییە و خەریکە سەرۆکوەزیران بە شێوەیەک سومعەی خۆی لەکەدار دەکات، لەبەر ئەوەی بەو سیاسەتەوە ئاستی دیپلۆماسیی ھەرێم دەباتە پێشەوە، چونکە (عەبادی) نە حەشدی ھەڵوەشاندەوە و نە کێشەکانی لەگەڵ ھەرێم چارەسەر کردووە و نە کێشەی کەرکووک و دووزخورماتووشی چارە کردووە، چونکە ئەوەی لە دووزخورماتوو کراوە، تاوانی جەنگە."
(کەرەم) ڕوونیشی کردەوە: "سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەی سەلماند کە ئەو کەسە نییە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتی پێ ببەستێت، بۆیە بۆ کەمکردنەوەی فشاری نێودەوڵەتی ئەو جۆرە کارانە لەگەڵ ھەرێم دەکات و دەیەوێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەڵخەڵەتێنێت، بەڵام ھەرێمی کوردستان بەرەدەوام لە دانوستانە لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ھەموو شتێکیان بۆ ڕوون دەکاتەوە، بۆیە لەو بڕوایەدام کە چارەنووسی سیاسیی سەرۆکوەزیران باش نییە و خەریکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە پشتگیریکردن لێی پەشیمان دەبێتەوە.
kdp-
