ئەنجومەنی پزیشکان لە ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێت

 ئەنجومەنی پزیشکان لە ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێت
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد کە لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە دەیانەوێت ئەنجومەنی پزیشکان دابمەزرێنن، کە بەھۆیەوە زۆر گرفتی بواری تەندرستی چارەسەر دەبێت.

د. خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕايگەیاند: "بەمەبەستی بەدواداچوونی نرخی دەرمان، کوالێتی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و چارەسەرکردنی زۆر گرفتی دیکەی کەرتی تەندروستی، پڕۆژەی دامەزراندنی ئەنجومەنی پزیشکانی کوردستانمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئەوەشی خستە روو، کە بەپێی پڕۆژەکە کاری ئەو ئەنجومەنە بەدەر لە نرخی دەرمان و بوارەکانی دیکەی تەندروستی، بەرگریش لەماف و داواکانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان دەکات و بەداواچونیان بۆ دەکات.

ئاشکراشی کرد، کە ھاوکات ئەنجومەنەکە کارێکی دیکەی ڕێگری دەبێت لە بەدکرداری کردارە پزیشکی، تەندروستییەکان، دڵنیابوونەوە لە تێستکردنەوەی توانای زانستی پزیشک و تەندروستکارەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستییان لە بوارەکانی خۆیاندا.

د. خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، گوتیشی: "پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی شورای ھەرێمی کودستانەو دوای پەسندکردن و کارە پێویستیەکانی، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە پێمانوایە خزمەتێکی باش بە کەرتی تەندروستی دەکات، بەدەر لەوەش لە ئێستادا پڕۆژەی دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانیی دەرمان لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانە، کە ناوەڕۆکەکەی بریتیە لە کڕین و ھاوردەکردنی دەرمان لەلایەن یەک کۆمپانیای تایبەت بە پێی ڕێنمایی ستانداردی تەندروستی جیھانی و دابەشکردنی بەسەر کۆمپانیا ناوخۆییەکانی دەرمان".












باسنيوز
Top