یەکێتی و گۆڕان ھەوڵی پەکخستنی پڕۆژەی چاکسازی لە خانەنشینی پلە تایبەت دەدەن

 یەکێتی و گۆڕان ھەوڵی پەکخستنی پڕۆژەی چاکسازی لە خانەنشینی پلە تایبەت دەدەن
راوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە یەکێتی و گۆڕان دەیانەوێت پرۆژەی چاکسازی لە خانەنشینی پلەتایبەتەکان پەک بخەن، چونکە زۆربەی کادیرانی ئەوان لەناو ئەو لیستانەدایە.

د.مەدحەد سلێمان، راوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، رايگەیاند: "پرۆژە یاسایی خانەنشینی پلە تایبەت دەبێت چاکسازی تێدا بکرێت، چونکە خەڵکێکی تێدایە رۆژێک لە ڕۆژان لەناو حکوومەت و پەرلەمان نەبوون و کاریان نەکردووە، کەچی بەپلەی زۆر بەرز خانەنیشن کراون، بۆیە جێبەجێکردنی پرۆژە یاسایەک زۆر پێویستە، یان خەڵکێک ھەبوون، بەپێشمەرگە خانەنشین کراون، بەس ڕۆژێک پێشمەرگە نەبوونە، رەنگە بەھۆی ئەم پرۆژەوە مانگانە ٧٠ ملیۆن دۆلار بۆ حکوومەت بگەڕێتەوە".

ئەو راوێژکارەی پەرلەمان، ئەوەشی خستەروو: "گۆڕان و یەکێتی خەڵکانێکی زۆریان لەسەردەمی دوو ئیدارەیی بەپلەی تایبەت خانەنشین کردووە، بۆیە حەز ناکەن ئەو پرۆژە بێتە پەرلەمان و دەیانەوێت پەکی بخەن، چونکە زیاتر لە ١٣٠ ھەزار خانەنشینی نایاسایی ھەیە ١٠٠ ھەزاریان لە سنووری ئیدارەی گۆڕان و یەکێتییە، لەبەر ئەوەی ھەڵبژاردنەکان نزیکن گۆڕان و یەکێتی حەزناکەن ئەو پڕۆژە بێتە پەرلەمان و چونکە دەنگی گەندەلی لەدەست دەدەن، بەڵام پێویستە ئەم پڕۆژە بخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی حەق و ناحەق دەرکەوێت".

ئاشکراشی کرد، کە حکوومەت پرۆژەکەی ناردووە بۆ پەرلەمان رەنگە خوێندنەوە یەکەمی بۆ بکرێت، دواتر ببرێتە لێژنەکان ئەگەر پرۆژەکە گرفتی سیاسی بۆ دروست نەکرێت خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیش بەھەفتەیەک کۆتایی دێت.

ھاوکات فەرید زامدار، کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی راگەیاندنی ئەو حزبە، رايگەیاند: "یەکێتی و گۆڕان نایانەوێت پڕۆژەی چاکسازی لە خانەنشینی پلەتایبەت بخرێتە پەرلەمان و دەیانەوێت پەکی بخەن، چونکە بەگەندەڵی و فێل ١٠٠ ھەزار کەسیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەپلەی تایبەت خانەنشین کردووە، لەناویاندا سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان و کەسە نزیکەکانی باڵی خیانەتکاری ١٦ی ئۆکۆتبەر".

ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتی، یەکێتی جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەوانەی کەرکووکیان فرۆشت، سەرجەمیان بەپلەی بەرز بەرز خانەنیشن کراون، دەشڵێت: "ئەوانە موڵک و ماڵ و خانووی بەرز و کۆشک و تەلاریان لە سلێمانی کڕی بەپارەی قوتی دزراوی خەڵک، بۆیە ئێستا ئەگەر چاکسازی بکرێت ١٠٠ ھەزار کەس لە گۆڕان و یەکێتی دەتۆرێن، دەرکەوت بایی ٤ کورسی گۆڕان و یەکێتی دەنگی گەندەڵیان ھێناوە کە بەپارە خەڵکیان کڕیووە".









باسنيوز
Top