چەند وڵاتێک لەبارەی داخستنی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان ھۆشدارییان داوەتە بەغدا

 چەند وڵاتێک لەبارەی داخستنی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان ھۆشدارییان داوەتە بەغدا
ئەندامێکی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات کە چەند وڵاتێک بە عێراقیان گوتووە کە دەبێت بڕیاری داخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان ھەڵوەشێتەوە، چونکە زیانی لەوانیش داوە.



موحسین سەعدوون، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێژنەی یاسایی، راگەیاند: "بڕیاری داخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان، وڵاتانی جیھانی نیگەران کردووە و ھەندێک لەو وڵاتانە بە بەغدایان گوتووە کە دەبێت بڕیارەکە ھەڵوەشێتەوە، چونکە بەھۆی ھەبوونی کونسوڵخانە و کۆمپانیاکانیان لە کوردستان زیانی لەوانیش داوە".
ئەو پەرلەمانتارە، جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەوەی بەغدا دەیکات پێشێلکردنی رێککەوتنی نێودەوڵەتی و عورفی نێودەوڵەتییە، دەشڵێـت: "ئەگەرنا چۆن دەبێت سزای وڵاتی خۆی بە داخستنی فڕۆکەخانە بدەیت".



ئەوەشی روون کردەوە: "دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆی راستەقینە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوەی ئەوان دەیکەن دوورە لە عورفی سیاسی و دیپلۆماسییەوە".



لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، لە 25ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، حکوومەتی عێراق، چەندین بڕیاری لە دژی ھەرێمی کوردستان دەرکرد، لەوانەش داخستنی فڕۆکەخانەکان بوون.




باسنیوز
Top