پەرلەمانتارێک: دوای سەری ساڵ کاری لێژنەی لێکۆڵینەوە لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر خێراتر دەکرێت
نازم ھەرکی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و ئەنجومەنی خۆجێیی لە پەرلەمانی کوردستان، راگەیاند: "لە پەرلەمانی کوردستان لێژنەیەک بۆ ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر پێکھێنراوە، کە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو خیانەتە چۆن کراوە بۆ ئەمساڵ کار بۆ ئەوە دەکرێت کە کاری ئەو لێژنەیە خێراتر بکرێت، بۆ ئەوەی لە ڕووداوەکە بکۆڵدرێتەوە بەڵگەکان بخرێتە ڕوو، ھەروەھا بکەرانی ئەو رووداوەش سزابدرێن".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستە روو، کە ئەوەی دەستی لەو کارە ھەبووە دەبێت باجی ھەموو ئەو کوشتن و ماڵوێرانییە بدات کە سوپای عێراق لە کەرکووک و خورماتوو کردوویەتی.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
