داوا لە دانیشتووانی 17 گوندی کوردنشینی سنوری کەرکووک کراوە گوندەکانیان چۆڵ بکەن

داوا لە دانیشتووانی 17 گوندی کوردنشینی سنوری کەرکووک کراوە گوندەکانیان چۆڵ بکەن


بەپێی بڕیاری ڕاکان سەعید جبوری پارێزگارەکەی حەشدی شەعبی لە کەرکووک، داوا لە دانیشتووانی 17 گوندی کوردنشینی سنوری شارەدێی سەرگەرانی سەر بەشارۆچکەی دووبز لە سنوری پارێزگای کەرکووک کراوە گوندەکانیان چۆڵ بکەن.


رۆژی یەکشەممە 31/12/2017، عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆچکەی دووبز، ڕاگەیاند: "میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ڕێگای ئەو پارێزگارەی کە بۆ کەرکووک دایان ناوە ھەوڵی بەعەرەبکردنەوەی 17ی گوندی سنوری شارەدێی سەرگەرانی سەر بە شارۆچکەی دووبز دەدەن".


وەک بەڕێوەبەری ئاسایشی دووبز، ئاشکرای کرد کە ئەو گوندانە و بەدیاریکراوی لە ساڵانی ھەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو لە چوارچێوەی پرۆسەی بەعەرەبکردندا سەدان خێزانی عەرەب لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ھێنران بۆ ئەو گوندانەی دەورووبەری شارەدێی سەرگەران و کوردەکانیش ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، بەڵام لە دوای ساڵی 2003ەوە کوردەکان جارێکی تر گەڕانەوە زێدی خۆیان.


عەلی محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئێستا بە نووسراوی پارێزگارەکەی حەشدی شەعبی لە کەرکووک بڕیاردراوە عەرەبە ھاوردەکان بگەڕێنەوە سنوری گوندەکانی سەرگەران کە لە 17 گوندی کوردنشین پێکدێت.


ھاوکات، بەڕێوەبەری ئاسایشی دووبز، ئەوەشی خستەڕوو، شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان UNنیش سەردانی سنووری سەرگەرانیان کردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو دۆخەی کە ئێستا لە سنووری سەرگەران دروست بووە و خەریکە کوردەکانی ئەو سنوورە دەردەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا شاندەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ھیچ بەیاننامەیەکی لەسەر دۆخی سنووری سەرگەران بڵاو نەکردووەتەوە.

bas news-
Top