سلێمانی.. بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی ئاھەنگێک بۆ خانەی بەساڵاچوان و بێ سەرپەرشتان ڕێکخرا

سلێمانی.. بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی ئاھەنگێک بۆ خانەی بەساڵاچوان و بێ سەرپەرشتان ڕێکخرا


بەبۆنەی ھاتنی سەری ساڵی نوێ (2018ی زایینی) بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، بە ئامادەبوونی چەند ھۆنەرمەندێکی میللی ئاھەنگێکی بۆ خانەی بەساڵاچوان و خانەی بێ سەرپەرشتان ڕێکخست.


فەرهاد قادر، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی ، ڕاگەیاند، لەدرێژەی ئەو کاروچالاکیانەی بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی لە بۆنەکاندا ڕێکی دەخات، خۆشبەختانە ئەمڕۆ ئێمە توانیمان بە پشتیوانی کۆمەڵێک ھونەرمەندی دەنگ خۆش بەبۆنەی ھاتنی ساڵی نوێوە ئاھەنگێکی خنجیلانە بۆ خانەی بەساڵاچوان و خانەی بێسەرپەرشتان ڕێکبخەین.


گوتیشی: "سوودمەندبووانی ناوخانەکان بەبێ جیاوازی پێویستیان بەوەیە دانەبڕێن لە کۆمەڵگە بێگومان ئێمەش لەھەموو بۆنەکاندا تێکەڵی کۆمەڵگەیان دەکەینەوە، تەنانەت میوانانی دەرەوە دەھێنین بۆ ناوخانەکان بۆئەوەی واھەست بکەن، لەناو خێزانی خۆیاندان.


ھونەرمەند کاروان شارەوانی، یەکێکە لەو ھونەرمەندانەی بەشداری ئاھەنگەکەی کردووە، ئەو ھونەرمەندە ، گوت، "ئێمەی ھونەرمەندان بەشداری زۆر بۆنەی جیاواز دەکەین، بێگومان نابێ ئەم چینە دڵپاکەی کۆمەڵگە فەرامۆش بکەین، چونکە ئەمانە لە کەسوکاری خۆیان دوورن پێویستە ئێمە خۆمان بە کەسوکاری ئەوان بزانین، بۆیە شەرەفێکی گەورەیە بۆمن کە ئەمڕۆ لەساڵی نوێدا وەک ھونەرمەندێک بەشداری ئەم ئاھەنگەم کردووە.


کاروان شارەوانی، گوتیشی: "ڕاستە ئەمڕۆ توانیومە دڵی منداڵان و کەسە بەتەمەنەکانی ئەم خانەیە خۆش بکەم، بەڵام تاڵییەکی زۆرم چەشت کاتێک ئەو دایک و باوکە بەتەمەنانەم بینی لە ماڵەوە دەرکراون، قوڕگم پڕبوو لەگریان بەڕاستی کارەساتە مرۆڤ ئاوا پاداشتی دایک و باوکی بداتەوە".

bas news-
Top