مافپەروەرانی نێودەوڵەتی: حەشد تاوانی زۆری ئەنجام داوە.. لە ئاستی نێودەوڵەتی كاری لەسەر دەكەین

مافپەروەرانی نێودەوڵەتی: حەشد تاوانی زۆری ئەنجام داوە.. لە ئاستی نێودەوڵەتی كاری لەسەر دەكەین
یەكێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی كەركووك و خورماتوو دەكات و هەوڵ دەدات تاوانەكانی حەشدی شەعبی بەرانبەر بە كورد بە جینۆساید بناسێنێت. ئەندامێكی دەستەی كارگێڕیی ئەو یەكێتییەیش دەڵێ، "هەرچی بەڵگە هەیە كۆمان كردووەتەوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا كار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەكەین".

(د. وەعدی مزووری) ئەندامی دەستەی كارگێڕیی یەكێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، شاندێكی یەكێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی لە كوردستان بوون و سەردانی خەڵكی ئاوارەبووی كەركووك و خورماتوویان كرد.

(مزووری) گوتیشی، "لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك و خورماتوو كراوە و، هەرچی بەڵگە هەیە كۆمان كردووەتەوە و لە ئاستی نێودەوڵەتی كاری لەسەر دەكەین و راپۆرتێك ئاڕاستەی رای گشتیی جیهان دەكەین، كە حەشدی شەعبی تاوانێكی زۆری لەو ناوچانە ئەنجام داوە، ئەو كارەساتەی دروست بووە، زۆر لە كاری ئێمە گەورەترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر بەڵگە لە دەست ئێمەدان و، زۆر وێنە كەوتوونەتە دەست ئێمە كە حەشدی شەعبی پێشێلكارییەكی زۆری كردووە لەو ناوچانە و تا ئێستایش كاری ئێمە بەردەوامە و هەر كەسێك بەڵگەیەكی لا بێت و بۆ ئێمەی ڕەوانە بكات، شتێكی زۆر باشە و ڕاستەوخۆ بۆ ئەو لیژنەیەی ڕەوانە دەكەین، بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن".

ئەندامەكەی دەستەی كارگێڕیی یەكێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی ده‌شڵێ، "لیژنەكە بڕیاری داوە لە مانگی 3ـدا بە هەموو ئەندامەكانی خۆیەوە دووبارە سەردانی كوردستان و ئەو ناوچانە بكەن، بە تایبەتی خورماتوو كە پێشێلكارییەكی زۆر لەو ناوچەیە كراوە".

شایانی باسە، یەكێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی كە لە نوێنەرانی 48 وڵات پێك هاتووە، یەكێتییەكە كار لەسەر مافەكانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان دەكات و، چوار كوردیش لە یەكێتییەكەدا ئەندامن.
kdp-
Top