"بەغدا پابەندی دەستوور بێت، زۆرێك لە كێشەكانی ھەرێم و بەغدا چاره‌سه‌ر ده‌بن"

یەكێك لەو پرسانەی چەندین ساڵە بە ھەڵواسراوی لە نێوان هەولێر و بەغدادا ماوەتەوە، پرسی نەوتە، چونكە بۆچوونی جیاواز لەبارەی بەڕێوەبردنی ئەو كەرتەوە ھەیە، پسپۆڕێكیش دەڵێ، ئەگەر یاساكە دەربكرێت، تا رادەیەكی زۆر چارەی كەرتی نەوت دەكات، بەڵام بەدەر لە یاساكەیش دەستووریش ھەندێك رێگەی دیاریكردنی بۆ چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كەرتی نەوت دەستنیشان كردووە.

دكتۆر (سیروان عەرەب)، پسپۆڕی كەرتی نەوت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لەنێو دەستووری عێراقدا بە روونی ئاماژە بە چارەكردنی كێشەی سەرچاوە سرووشتییەكان كراوە و ئەو بابەتە یەكلا كردووەتەوە، باس لەوەیش دەكات كە ھەرێمەكان دەستەڵاتی گەڕان بە دوای نەوت و بەرھەمھێنانیان ھەیە، ھەتا لە دەستووردا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە ھەرێمەكان دەستەڵاتیان ھەیە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان بكەن بۆ فرۆشتنی بەرھەمی نەوت".

ئەو پسپۆڕەی كەرتی نەوت، پێداگری لە جێبەجێكردنی دەستوور دەكاتەوە بۆ پرسی نەوت و دەڵێ، "ئەگەر بەغدا پابەندی دەستوور بێت و یاسای نەوت و غازیش دەرنەچێت، ئەوا كێشەیەكی ئەوتۆ لەسەر پرسی نەوت و غاز لە نێوان ھەرێم و بەغدادا نامێنێت، بەداخەوە عێراق تەنیا ئەو بەندانەی دەستوور جێبەجێ دەكات كە لە بەرژەوەندیی خۆیاندایە و ئەوانەیشی لە بەرژەوەندیی ھەرێمی كوردستاندان، جێبەجێی ناكات".

دكتۆر (رزگار)، سەرۆكی لیژنەی نەوت و غازی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە خولی پێشوودا، ئەوەی نەشاردەوە كە، ھەوڵێكی جیددی ھەبوو لەلایەن بەغداوە بۆ ئەوەی یاسای نەوت و غاز دەرنەكرێت لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، لەم بارەیەیشەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئەو چەند ساڵەی ئێمە لە بەغدا بووین ھەوڵێكی زۆرمان دا بەوەی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانەوە دەربچێت، بەڵام حكوومەتی عێراق بەردەوام بیانووی دەھێنایەوە و نەیانھێشت پڕۆژەكە سەر بگرێت، ھەوڵێكی جیددی ھەبوو بە نیەتی ئەوەی یاساكە سەر نەگرێت و ھەروەك ئەوەی خۆیان دەیانەوێ بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ كەرتی نەوت و غازدا بكرێت".

وەك دكتۆر (سیروان عەرەب)ـیش ئاماژەی بۆ كرد، "بە دەركردنی یاسای نەوت و غاز لەلایەن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقەوە، ئەو پرسەی بۆ ماوەی چەند ساڵە بە چارەنەكراوی ماوەتەوە كۆتایی دێت، ئەمە لە كاتێكدایە بە دەستووریش چارە دەبن، بەپێی رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوتیش ئەو دەستەڵاتە بە ھەرێمەكان دەدرێت گرێبەست بۆ فرۆشتنی نەوت واژۆ بكەن لەگەڵ كۆمپانیا جیھانییەكان و سیستەمی پترۆدۆلاریش جێبەجێ بكرێت ئەوەش پێشتر بۆ پارێزگاكان ھەبوو، به‌ڵام ئێستا كاری پێ ناكرێت".

بە باوەڕی دكتۆر (رزگار)، "رەشنووسی پڕۆژەیاساكە ئامادە كرابوو، ئەگەر بەر لە چەند ساڵێك و ئەو كاتەی من ئاماژەی بۆ دەكەم پڕۆژەكە رێككەوتنی لەبارەوە بكرابایە و پەسەند كرابایە لە پەرلەمان، ئەوا بێگومان زۆرێك لە كێشەكانی نەوت و غاز چارە دەكران و پرسی نەوتیش لە نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق نەدەگەییشتە ئەو ئاستەی تێیدایە كە چەندین ساڵە بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە".
kdp-
Top