"چوار ڕۆژە بوومەلەرزەیەکی بەهێز ئێران دەهەژێنێت"

لە چەند مانگی ڕابردوودا خەڵکی زۆربەی ناوچەکانی ئێران لە ترسی بوومەلەرزە دەهاتنە سەر شەقامەکان، بەڵام ئەوە چوارەمین ڕۆژە خەڵکی زۆربەی شارەکانی ئێران دژ بە "نادادپەروەری" و "دیکتاتۆریەت" ڕژوانەتە سەر شەقەمەکان. لە چەند شارێک تێهەڵچوون لە نێوان خۆپێشاندەر و هێزە ئەمنییەداکان هەبووە و قوربانیشی لێ کەوتووەتەوە.

چوار ڕۆژ لەمەوبەر سەرەتای خۆپێشاندانەکان لە شاری مەشهەدەوە دەستی پێ کرد. بەشێک لەو خەڵکەی لە لایەن بەرپرسانەوە دەستیان بەسەر پشکە بانکییەکاندا گیرابوو، ڕژانە سەرشەقامەکان. سەرەتا دروشمەکان دژ بە نەبوونی "دادپەورەی" و "گەندەڵی" بوون، بەڵام دواتر تەواوی سیستەمی دەستەڵاتداریەتیی ئێران خرایە ژێر پرسیار و خۆپێشاندەران داوای ڕووخانیان کرد.

خۆپێشاندانەکان وەک ئاگری پوش تەشەنەی سەند و ڕۆژێک دواتر چەند ناوچە و شاری دیکەی ئێرانی گرتەوە و لە سێیەم ڕۆژدا بەشێک لە خەڵکی تارانیش هاتنە سەرشەقامەکان. لەو چەند ڕۆژەدا چەندین فەرمانگەی حکوومی لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە ئاگری تێبەردرا و تێکهەڵچوون لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووی دا. بەرپرسانی ئێرانی پشتڕاستیان کردووەتەوە لە خۆپێشاندان و تێکهەڵچوونەکەی دوێنێی شاری (درود)ی سەر بە پاریزگای (لوڕستان) دوو خۆپێشاندەر گیانیان لەدەست داوە.
kdp-
Top