مەسرور بارزانی: هیوادارین بەغدا واز لە خۆدزینەوە لە بانگەشە ئاشتیخوازەکانی هەرێمی کوردستان بهێنێت

 مەسرور بارزانی: هیوادارین بەغدا واز لە خۆدزینەوە لە بانگەشە ئاشتیخوازەکانی هەرێمی کوردستان بهێنێت
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ساڵی نوێی، ئاڕاستەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و گەلانی جیھان کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 31/12/2017، مەسرور بارزانی، ‎راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی ساڵی نوێی زایینییەوە بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند: "بە بۆنەی‮ ‬سەری ساڵی‮ ‬نوێی زاینییەوە،‮ ‬پڕ‮ ‬بە دڵ پیرۆزبایی‮ ‬خۆم لە‮ ‬گشت ھاونیشتمانیانم لە ھەرێمی‮ ‬کوردستان و گەلانی جیھان دەکەم".

‎راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا لە پەیامەکەدا دەڵێت: "ئاواتەخوازم لەم ساڵە نوێیەدا ‮نەھامەتی‮ ‬و شەڕ‮ ‬و توندوتیژییەکان کۆتاییان بێت و ئاشتی و ئاسایشی ھەمیشەیی بەرقەرار بێت".

مەسرور بارزانی داوایەک لە حزبە سیاسییەکان دەکات و دەڵێت: "ھاودەنگ لەگەڵ زۆربەی‮ ‬جەماوەری‮ ‬خۆراگری‮ ‬کوردستان،‮ ‬داوا لە حزبە سیاسییەکان دەکەم بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و پاراستن و پێشکەوتنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی گشتی وەک باشترین بژاردە ھەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە".

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان

‎بە بۆنەی‮ ‬سەری ساڵی‮ ‬نوێی زاینییەوە،‮ ‬پڕ‮ ‬بە دڵ پیرۆزبایی‮ ‬خۆم لە‮ ‬گشت ھاونیشتمانیانم لە ھەرێمی‮ ‬کوردستان و گەلانی جیھان دەکەم‮. ‬

‎ئاواتەخوازم لەم ساڵە نوێیەدا ‮نەھامەتی‮ ‬و شەڕ‮ ‬و توندوتیژییەکان کۆتاییان بێت و ئاشتی و ئاسایشی ھەمیشەیی بەرقەرار بێت.‬

‎‮ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زاینیی ‬لە کاتێکدایە، کە ھەرێمی کوردستان وێرای قوربانیدان و سەرکەوتنە مێژووییەکانی بەسەر تیرۆریستان و گەیاندنی پەیامی ئاشتیانەی خۆی لەرێگەی پرۆسەیەکی دیموکراتییەوە،بەڵام لە ئەنجامی عەقڵیەتی خۆسەپێنی بەغدا و گەلەکۆمەکی و دان نەنان بە مافە سرووشتیەکانی دووچاری واقیعێکی نەخوازراو بووەتەوە، کە بەھۆیەوە ھاووڵاتیانی لە دۆخێکی سەخت و ناھەموار دەژین. ‬

‎‬ ھاودەنگ لەگەل زۆربەی‮ ‬جەماوەری‮ ‬خۆراگری‮ ‬کوردستان،‮ ‬داوا لە حزبە سیاسیەکان دەکەم بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و پاراستن و پێشکەوتنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی گشتی وەک باشترین بژاردە ھەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە.

‎ھەروەھا ئومێدەوارین بەغدا واز لە زمانی ھەڕەشە و سزادانی بە کۆمەڵ و نانەوەی ئاشوب و خۆدزینەوە لە بانگەوازە ئاشتیخوازەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان بێنێت، کە ھاوکات داخوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە.

‎لەم بۆنەیەدا جارێکی دی دەستخۆشانە و سوپاسگوزاریی‮ ‬گەرمی‮ ‬خۆم ئاراستەی‮ ‬گشت خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گیان لەسەردەستانی‮ ‬پێکھاتەکانی‮ ‬ئەنجوومەنی‮ ‬ئاسایشی‮ ‬ھەرێمی‮ ‬کوردستان وخۆراگری و پەرۆشی ھاووڵاتیانی کوردستان دەکەم، کە بەردەوام ھێزێکی لە بننەھاتووی پاراستن و بەدیھاتنی دەستکەوتەکانن

‎جارێکی‮ ‬دیکەش ساڵی‮ ‬نوێ پیرۆزە و ئاواتمان بەختەوەری‮ ‬و خۆشی‮ ‬و شادیی‮ ‬ھەمیشەیی‮ ‬ھەمووتانە و ئومێدەوارین جیھانی ئازاد رێز لە مەینەتی و قوربانیدان و ویستی ئازادانە و مافی چارەنووسی گەلە ئاشتیپەروەرەکەمان بگرێت.

‎مەسرور بارزانی‮ ‬
‎راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان

31/12/2017










باسنيوز
Top