مەسرور بارزانی: هیوادارین بەغدا واز لە خۆدزینەوە لە بانگەشە ئاشتیخوازەکانی هەرێمی کوردستان بهێنێت
ئەمڕۆ یەکشەممە 31/12/2017، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی ساڵی نوێی زایینییەوە بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند: "بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی خۆم لە گشت ھاونیشتمانیانم لە ھەرێمی کوردستان و گەلانی جیھان دەکەم".
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا لە پەیامەکەدا دەڵێت: "ئاواتەخوازم لەم ساڵە نوێیەدا نەھامەتی و شەڕ و توندوتیژییەکان کۆتاییان بێت و ئاشتی و ئاسایشی ھەمیشەیی بەرقەرار بێت".
مەسرور بارزانی داوایەک لە حزبە سیاسییەکان دەکات و دەڵێت: "ھاودەنگ لەگەڵ زۆربەی جەماوەری خۆراگری کوردستان، داوا لە حزبە سیاسییەکان دەکەم بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و پاراستن و پێشکەوتنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی گشتی وەک باشترین بژاردە ھەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە".
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان
بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی خۆم لە گشت ھاونیشتمانیانم لە ھەرێمی کوردستان و گەلانی جیھان دەکەم.
ئاواتەخوازم لەم ساڵە نوێیەدا نەھامەتی و شەڕ و توندوتیژییەکان کۆتاییان بێت و ئاشتی و ئاسایشی ھەمیشەیی بەرقەرار بێت.
ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زاینیی لە کاتێکدایە، کە ھەرێمی کوردستان وێرای قوربانیدان و سەرکەوتنە مێژووییەکانی بەسەر تیرۆریستان و گەیاندنی پەیامی ئاشتیانەی خۆی لەرێگەی پرۆسەیەکی دیموکراتییەوە،بەڵام لە ئەنجامی عەقڵیەتی خۆسەپێنی بەغدا و گەلەکۆمەکی و دان نەنان بە مافە سرووشتیەکانی دووچاری واقیعێکی نەخوازراو بووەتەوە، کە بەھۆیەوە ھاووڵاتیانی لە دۆخێکی سەخت و ناھەموار دەژین.
ھاودەنگ لەگەل زۆربەی جەماوەری خۆراگری کوردستان، داوا لە حزبە سیاسیەکان دەکەم بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و پاراستن و پێشکەوتنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی گشتی وەک باشترین بژاردە ھەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە.
ھەروەھا ئومێدەوارین بەغدا واز لە زمانی ھەڕەشە و سزادانی بە کۆمەڵ و نانەوەی ئاشوب و خۆدزینەوە لە بانگەوازە ئاشتیخوازەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان بێنێت، کە ھاوکات داخوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە.
لەم بۆنەیەدا جارێکی دی دەستخۆشانە و سوپاسگوزاریی گەرمی خۆم ئاراستەی گشت خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گیان لەسەردەستانی پێکھاتەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان وخۆراگری و پەرۆشی ھاووڵاتیانی کوردستان دەکەم، کە بەردەوام ھێزێکی لە بننەھاتووی پاراستن و بەدیھاتنی دەستکەوتەکانن
جارێکی دیکەش ساڵی نوێ پیرۆزە و ئاواتمان بەختەوەری و خۆشی و شادیی ھەمیشەیی ھەمووتانە و ئومێدەوارین جیھانی ئازاد رێز لە مەینەتی و قوربانیدان و ویستی ئازادانە و مافی چارەنووسی گەلە ئاشتیپەروەرەکەمان بگرێت.
مەسرور بارزانی
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان
31/12/2017
باسنيوز
