پۆلیسی سلێمانی گەنجێک بەھۆی پەیجێکی ساختەوە دەستگیر دەکات
ڕاید ئیقباڵ محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی شار و شارەدێکانی سلێمانی، ڕايگەیاند: "ھێزەکانی پۆلیس لە ناحیەی (وارماوا)ی نزیک شارۆچکەی سەیدسادق، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵیان دەستگیر کردووە، کە پەیجێکی ساختەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ناوی (نووسینگەی ھاوسەرگیری) دروست کردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو ڕێگەیەوە کچان فریو بدات و پارەیەن لێ وەربگرێت".
گوتیشی: "ئەو تۆمەتبارە وێنەی ژمارەیەک کچی لە پەیجەکەی داناوە و کچەکانیش بۆ ئەوەی ڕووبەرووی کێشەی کۆمەڵایەتی نەبنەوە، داوای ئەوەیان لە گەنجەکە کردووە، کە وێنەکانیان لەو پەیجە بسڕێتەوە، بەڵام تۆمەتبارەکە لەبەرامبەردا داوای کارتی مۆبایل و کارتی ئینتەرنێتی لەو کچانە کردووە، کە وێنەکانی بڵاو کردوونەتەوە".
گوتەبێژی پۆلیسی شار و شارەدێکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا، کە تۆمەتبارەکە لە بەردەم ئەفسەری لێکۆڵینەوە و دادوەری لێکۆڵینەوە، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، ئێستاش بەپێی مادەی 2 لە یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2008، بەھۆی خراپ بەکارھێنانی ئامێرە پەیوەندییەکان دەستگیر کراوە.
باسنيوز
