ئەندامێکی کۆمەڵ بارەگایەکی یەکگرتووی سووتاند
فەهمی موهەندیس، لایەنگری یەکگرتوو لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، حزبەکەی بەڵگەی تەواوی لەبەر دەستە و دەزانێ کێ بەشدار بووە لە سووتاندنی بارەگاکەی لە رانیە.
بەپێی پۆستەکە،لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی کۆمەڵ بەشداریی هێرشکردنە سەر بارەگاکەی یەکگرتوویان کردووە و یەکێک لە لایەنگر و هوڵسوڕاوەکانی گۆڕان ناوی (ب. ک. ف.) بووە.
ئەو ئەندامەی کۆمەڵ، کە بەرپرسێکی رێکخراوی قوتابییانی ئەو حزبەیە، لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دامەزراوە و دواتر ”بە واتە“ خۆی گواستووەتەوە نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە رانیە.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، لە چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ھاووڵاتییان بە دەست لەپشتدانی چەند کەسایەتی و حزبێکی تێوەگڵاو لە گەندەڵی، لەژێر ناوی دژایەتیکردنی کەمیی خزمەتگوزاری و درەنگ کەوتنی دابەشکردنی مووچە، چەندین فەرمانگەی حکوومی و بارەگای حزبەکان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان سووتاند.
بۆ بینینی گرتەی ڤیدیۆیی ساتی سووتاندنی بارەگای یەکگرتوو لە رانیە، کلیک لێرە بکە
باسنيوز
