بەرپرسی میدیای گۆڕان لە پۆستەکەی لادەدرێ
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی نێو میدیای گۆڕانەوە دەست کەوتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بڕیاری عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان، عەبدولڕەزاق شەریف، لە پۆستی بەڕێوەبەری میدیای گۆڕان لادراوە و ئاکۆ حەمەکەریم کە هاوڕێ و کەسێکی نزیکی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفایە، لە جێگەی دانراوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە هاوڕێیەتیی ئاکۆ حەمەکەریم لەگەڵ کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا کاریگەری لەسەر دانانی لە پۆستی بەڕێوەبەری میدیای گۆڕان هەبووە، بەڵام ”دانانەکەی کاتییە“.
ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە کە لەنێو گۆڕاندا پێشوازی لە بڕیاری لادانی عەبدولڕەزاق شەریف کراوە و گوتی: ”هەمووان پێیانوایە عەبدولڕەزاق شەریف پیاوێکی شکستخواردووە و شکستی بە میدیاکە هێناوە، ئەوە جگە لە پێشکەشکردنی راپۆرتی ناڕاست لەبارەی خەرجی و داهاتی کەناڵەکە بە جڤاتی نیشتمانی و هەندێ فەزیحەی ئەخلاقی و تەکەتولات“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە پێشتر عومەری سەید عەلی پشتیوانی لە عەبدولڕەزاق شەریف دەکرد و ئامادە نەبوو بڕیاری لادانی لە پۆستەکەی واژۆ بکات، بەڵام ”شتی زۆر لەسەر بوو و چیتر نەیتوانی پارێزگاری لێ بکات“. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”بەتایبەت پاش دوایین کۆبوونەوەی جڤات کە عەبدولڕەزاق شەریف راپۆرتی میدیای خوێندبۆوە، ژووری کارگێڕی بە فەرمی و بە بەڵگە سەلماندییان کە راپۆرتەکەی درۆیە و جڤات چەواشە دەکات“.
بەپێی زانیارییەکانی کە لە سەرچاوەکەی نێو میدیای گۆڕانەوە دەست کەوتووە، ئەگەر هەیە تا دوای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ئاکۆ حەمەکەریم لە پۆستی بەڕێوەبەری میدیای گۆڕاندا بمێنێتەوە، لە کاتێکدا پێشتر بۆ وەرگرتنی (ڕێکخەری ژووری توێژینەوەکان)ی بزووتنەوەی گۆڕان کاندید بووە.
باسنيوز
