پیلانێکی دیکە دژ بە کورد و سوننە دەگێڕدرێت
عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵی و تەوافوقی سەردەمێکی نوێی لە پاش نەمانی ڕژێمی بەعس دەست پێ کرد. شیعە کە لە سەردەمی بەعسدا دەچەوسایەوە، لە عێراقی نوێدا تۆڵەی لە سوننە کردەوە و ئەوەی لە هەردوو قۆناغدا "زوڵمی" لێ کرا، کورد بوو. کور و سوننەکان بەردەوام گلەیی ئەوەیان هەیە لە عێراقی نوێدا هەوڵ دەدرێ "زۆرینەی سیاسی" دەستەڵاتی بەدەستەوە بێت، سەرەڕای ئەوەی کە لەسەر بنەمای دەستوور و تەوافوق پێکهاتەکان دەیانەوێ بە یەکەوە بژین. "زۆرینەی سیاسی" ڕووبەڕووی ڕەخنەی ناوخۆیی و کۆمەڵگەی دەرەوە بووەوە، بۆیە ئێستا شیعە لە هەوڵی بەدەستهێنانی "زۆرینەی یاسایی"دایە.
شیعە و سوننە
پێکهاتەی عەرەبی سوننە لە ساڵی ٢٠٠٥ دەنگی بە دەستووری هەمیشەییی عێراق نەدا، بەڵام دواتر هاتە ناو دەسەڵاتی بەغداوە. دوای ئەوەی ئەو پێکهاتەیە بۆیان دەرکەوت ناتوانن خەونی دێرینی خۆیان بەدەست بێننەوە و دیسان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، داوای هەرێمی خۆیان کرد. ئەو داوایە بە تەواوی لە لایەن دەسەڵاتی زۆرینەی شیعەی بەغداوە ڕەت کرایەوە و دواجار ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستی بەسەر ناوچە سوننەنشینەکاندا گرت و ئێستا دوای کۆتاییهاتنیان، وێرانەیان لە پاش خۆیان بەجێ هێشتووە. زۆربەی چاودێران لەسەر ئەو بڕوایەن ژێرخانی ئابووریی سوننەکان بە شێوەیەک ڕووخاوە کە تا "دەیان ساڵی" دیکە ناتوانن باس لە هەرێمی خۆیان بکەن. ئێستا زۆربەی عەرەبی سوننە زێدی خۆیان جێ هێشتووە و ئاوارەن. سەرکردەکانی ئەو پێکهاتەیەی عێراقیش بە تەواوی پەرتەوازە بوونە و تەنانەت بەشێکیان بە هۆی تۆمەتی "تیرۆریستی"یەوە وڵاتیان جێ هێشتووە. عەرەبی سوننە بەسەر چەندین بەرەدا دابەش بوونە و ناوماڵێکی شێواویان هەیە، تەنانەت بەشێکیان وەک "سوننەی مالیکی" ناسراون و دیارترینیان "سەلیم جبووری"، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە.
ئێستا کە زۆربەی ناوچە سوننەنشینەکان لە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقدایە، هەوڵی ڕاکێشانی ئەو پێکهاتەیە بۆ ناو شیعەکان دەدرێ و کەسانی ئاگادار دەڵێن، "تا ڕاددەیەکیش سەرکەوتوو بوونە." (غەزوان داودی)، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، باس لەوە دەکات کە زۆربەی ئاوارەکانی مووسڵ بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە. بەشێکی زۆری ئەو پارێزگایە ئێستا حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی لێیە. (داودی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیکە، بۆیە حەشدی شەعبی زۆر بە نەرمی پێشوازی لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی مووسڵ دەکات، تەنانەت لەگەڵ هەندێ سەرۆکهۆزی سوننەی ناوچەکە ڕێک کەوتوون و بەڵێنیان لێ وەرگیراوە لە هەڵبژاردنەکاندا پاڵپشتی لە هێزە شیعەکان بکەن.''
شیعە و کورد
کوردیش تا ڕاددەیەک هاوشێوەی سوننە، بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەش بوونە، هەرچەند تا ئێستا یەکلا نەکراوەتەوە. شیعەکان دەیانەوێ بە پێنج لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان بن و ئەمەش تا ڕاددەیەک کارەکەی لە کورد قورس کردووە. بڕیارە ڕۆژی ١٢ی مانگی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق بەڕێوە بچێت. سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) ئاشکرای کرد کە ئەو کات لە دۆخەکە دەڕاونن و بە پێی بەرژەوەندیی خۆیان، دەچنە ناو هاوپەیمانەتییەکانەوە. بە ئەگەری زۆر هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کوردستان، پێش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت و ئەمەش تا ڕاددەیەک لیست و هاوپەیمانەتییەکانی ناوماڵی کورد دیاری دەکات.
(عەرەفات کەرەم)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پەردە لەسەر پیلانێکی نوێی شیعەکان لە حکوومەتی داهاتووی بەغدا لا دەدات.
(کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "سوننەکان پەرتەوازەن و شیعەکان بە تەواوی کاریان لەسەر کردوون. لە هەرێمی کوردستانیش هەندێ لایەن بە ئامانجی تاکەکەسیی خۆیان، پاڵ بە شیعەکانەوە دەدەن. بەو شێوەیە بەشێکی سوننە و بەشێکی کورد دەچنە پاڵ شیعەکان و دواجار شیعە بە خەونی خۆی دەگات، کە زۆرینەی یاساییە و دەتوانێ حکوومەت پێک بێنێت.''زۆربەی چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە کورد و سوننە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا "زیان" دەکەن و براوەی سەرەکی "لایەنی شیعەی دەستەڵاتدارە."
kdp-
