"حەشد بۆ شێواندنی دیموگرافیای دەشتی نەینەوا هاتوون"

سەرکردەیەکی کریستیانەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دەستەیەک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی پیلانیان ھەبوو دیموگرافیای دەشتی نەینەوا بشێوێنن و دەست بەسەر موڵک و ماڵی کریستیانەکاندا بگرن. دەشڵێ، ھەندێ وڵات تەنیا بە قسە پشتیوانیمان دەکەن و ھانامان بۆ زۆر کەس بردووە.

(رۆمیۆ ھەکاری)، سکرتێری گشتیی حزبی بەیتنەھرێن بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەڕەشەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆسەر ھاووڵاتییانی کریستیان لە دەشتی نەینەوا بەردەوامە و پێش چەند ڕۆژێک لە لایەن ھەندێ سەرکردەی حەشدی شەعبی و ھەندێ لایەنی ترەوە دەیانویست دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕن و بشێوێنن، ئەمەش بە ھەڕەشە دەزانین بۆ سەر داھاتووی گەلی ئێمە لە دەشتی نەینەوا.''
سکرتێری حزبی بەیتنەھرێن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''حەشدی شەعبی ھەوڵ دەدات زێدەڕۆیی بکەنە سەر موڵک و ماڵی خەڵکی کریستیان، لە ناوچەکانی قەرەقووش، بەرتللە، کرملێس و لە شوێنەکادی دیکەش.''

(عەبدولئەحەد ئەفرام)، سەرکردەیەکی دیکەی کریستیانەکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی پێشلکارییەکانی گرووپەکانی حەشدی شەعبیی لە دەشتی نەینەوا کرد و گوتی: ''دەستدرێژیی میلیشیاتی حەشدی شەعبی بۆ سەر ھاووڵاتییانی کریستیان ھەموو ناوچەی دەشتی نەینەوای گرتووەتەوە، بەڵام زیاتر لە سنووری ناحیەی بەرتللە و دەوروبەری ڕەنگی داوەتە و، گەیشتووەتە ئاستێک لە زۆربەی کۆچە و شەقامەکانی شوێنی کریستیانەکان وێنەی ئیمام (خومەینی) و ئیمامەکانی دیکەی شیعە ھەڵواسراون، ئێمە وا تێ دەگەین کە ئەوەش بۆ ئیھانەکردنی ئێمەیە، ھەرچەندە ئامارێکی دروست لەبەردەست نییە، بەڵام دەستدرێژییەکانی حەشدی شەعبی بووەتە ھۆکاری ئاوارەبوونی سەدان خێزانی کریستیان.''
لەبارەی ئاگادارکردنەوە و پشتیوانیی وڵاتانی جیھان، بەتایبەت ئەوانەی وەک فەڕەنسا و ئیتالیا ڕێژەی کریستیانیان بەرزە، (رۆمیۆ ھەکاری) دەڵێت: ''من ئەوەندە پشتئەستوور نیم بەو دەوڵەتانە، چونکە ئەو دەوڵەتانەش ڕاستە ھەندێ جار باسی پاڵپشتی بۆ میللەتی کریستیان دەکەن، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی ئەوانیش ڕاست ناکەن و ھیچ پشتیوانییەکی ئەوتۆیان نییە و لەسەر ئەرزی واقع شتێکی وامان نەبینی بۆ ئەوەی پشتیوانیمان لێ بکەن.

لەبارەی بێھیوابوونی کریستیانەکان لە ئەورووپا، (عەبدولئەحەد ئەفرام) دەڵێت: ''ڤاتیکان ئەو دەسەڵاتەی نییە لە ڕووی سەربازییەوە بە ھانای کریستیانەکانەوە بێت، تەنیا بانگەوازی بۆ عێراق ناردووە ئەو پێشێلکارییانە ڕابگرن و دەستدرێژی نەکرێتە سەر کریستیانەکان، ھەموو لایەکیش دەزانێت حەشد جێپێی خۆی بگرێت، حیساب بۆ پەیامی ڤاتیکان ناکات، پێویستە بەھێز عێراق ئاگادار بکرێتەوە لەو پێشێلکارییانە، ھەتا دوێنێش پاتریاک لێدوانی ھەبو لەسەر ئەو بابەتە و وڵاتانی ئەورووپا بەگشتی دڵگرانن لە ھەمبەر پێشێلکارییەکان، بەڵام لە عێراق ھێز دەخوات، نەک پەیامی ئاشتییانە.''
kdp-
Top