شاروانیی سلێمانی ھەلی کار بۆ نزیکەی 1500 گەنج دابین دەڕەخسێنێت
ئەمڕۆ شەممە 30/12/2017 یووسف یاسین، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2017 دا ئێمە توانیومانە 450 ھەزار مەتر دووجا ڕووبەر قیرتاو بکەین و 54 ھەزار کۆنکرێتی کۆڵانەکان کراوە، ھەروەھا 2250 مەتر ئاو ڕاکێشراوە و 542 مەنھۆڵ پاک کراوەتەوە.
سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی گوتیشی: "یەکێک لە کارە گرنگەکانی ئێمە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی بووە، خۆشبەختانە ئەمساڵ 536 باخ و 7 پارکی گەورە لە سنووری شارەوانیی سلێمانی بە شێوەیەکی بەرچاو سەوز کراوە و ھەوڵی ئەوەش دەدەین ھەلی کار بۆ نزیکەی 1500 گەنج دابین بکەین، بۆ ئەوەی لە پڕۆژەی سەوزکردنی شاری سلێمانیدا کار بکەن.
ئاماژەی بەوەش دا، پلانمان داناوە بۆئەوەی لە ساڵی 2018 چەندین پڕۆژەی ناوازە درووست بکەین، بڕیارمان داوە لە نزیک چاڤیلاند پارکی بۆنەکان دروست بکەین، کە ڕووبەرەکەی زیاتر لە 50 دۆنم زەوییە کە گەورەترین پارک دەبێت و زیاد لە 100 ھەزار ھاووڵاتی دەگرێت و زۆرترین ئۆتۆمبێل جێگەی دەبێتەوە، ھەروەھا لەگەڵ ژووری بازرگانی سلێمانی، بڕیارمان داوە شەش بازاڕی گەورەی میللی درووست بکەین.
سەرۆکی شارەوانی، ڕای گەیاند، لەسەر ئەنجامدانی زیادەڕۆیی دەیان سکاڵامان لەسەر بەرپرسان تۆمار کردووە، بێگومان ئێمە وەک شارەوانیی سلێمانی لە ھیچ کەسێک شەرم ناکەین، چونکە ئێمە کاری یاسایی خۆمان دەکەین، بۆیە ھەر کەسێک زیادەڕۆی بکات، ئەگەر بەپرس بێ یان ھاووڵاتییەک سڤیل ڕووبەڕووی یاسایی دەکەینەوە.
باسنیوز
