پێنج بەڕێوەبەری كورد لە كۆمپانیای نەوتی باكوور لە کەرکووک دەركران
د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی پارتی لە كەركووك ڕايگەیاند: "بە سیاسەتێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو كاربەدەستانی بەغدا بە هاوكاریی كاربەدەستانی كەركووك بەرنامەی تەعریبكردنیان داڕشتووە و یەكەم كاریشیان ئەوە بووە كە دەرگای كەمپەكانیان لە حەویجە و عەرەبەکانی خوارووی عێراق كردووەتەوە بۆ ئەوەی خەڵكەكەی هەمووی بهێننە ناو شاری کەرکووکەوە، هەروەها ئێستا كارتی نیشتەجێبوونیان بۆ دروست دەكەن، بۆ ئەوەی دواتر بتوانن نفووس و جنسیەیان بۆ بگوازنەوە كەركووك".
ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو: "لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبدا پێنج بەڕێوەبەری كورد لە كۆمپانیای نەوتی باكوور دەركراون و عەرەب لە شوێنەكانیان دانراون، بەڕێوەبەرەكانیش لە ئاستی مودیری ئەقسام و هەیئەی كۆمپانیا بوون، دەشڵێت: "قایمقامی داقوق، بەڕێوەبەری پۆلیسی داقووق، قایمقامی مەركەزی كەركووك، قایمقامی خورماتوو، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان كە كورد بوون، سەرجەمیان لابراون و عەرەب لە جێگاكانیان داندراون".
محەمەد خورشید ڕوونیشی كردەوە: "تا ئێستا دوو جار هێزی عێراقی براوەتە سەر گوندی خاڵۆبازیانی بۆ ئەوەی گوندەكەیان چۆڵ بكەن، هەروەها هێز بۆسەر ماڵە كوردەكانی گوندی پەلكانە براوە و ماڵەكانیان دەركردووە و ماڵی عەرەبیان لە شوێنەكانیان داناوە و هەمان ئەو عەرەبانەی كە لە پێش 2003 بە تەعریب هێنرابوون و لە دوای 2003 بۆ ئاساییكردنەوەی ناوچەكان هەر ماڵێكیان 20 ملیۆن دیناریان پێ درا و گەڕێندرانەوە شوێنەكانیان".
باسنيوز
