ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی قوباد تاڵەبانی بە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی تۆمەتبار دەکا
ئەنوەر تاھیر، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕايگەیاند: "تاکە مەرجەع بۆ ئاڵوگۆڕ یان دانانی پۆستەکانی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان و بەڕێوەبەری شارەدێ و قایمقام و پارێزگار و جێگرەکانی، ئەنجومەنی پارێزگاکانە و ئەگەر نیازی ئەنجامدانی ھەر گۆڕانکارییەک ھەبێ، دەبێ بێتە ئەنجومەنی پارێزگاکان و بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەن بڕیاری لەسەر بدرێت و دواتر بۆ دەسەڵاتە باڵاکان بەرز بکرێتەوە تاوەکوو فەرمانی پێ دەربکرێت".
جەختی لەوە کردەوە: "قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەبێ گەڕانەوە بۆ مەرجەعی یاسایی کە پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگایە، دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگای پیادە کردووە و بڕیاری لەکار لادانی 3 بەڕێوەبەری گشتی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕینی دەرکردووە و لەجێگەیان 4 کەسی دیکەی داناوە بە وەکالەت“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر کارەکە بەو شێوەیە بڕوات، حکوومەتی خۆجێیی لە سلێمانی دەبێ بە ”حکوومەتی بەوەکالەت". گوتیشی: “گۆڕانکارییەکان لەکاتی پشووەکاندا کراوە، لەگەڵ دەست پێکردنی دەوامدا وەکو ئەنجومەنی پارێزگا ھەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین و ئەنجومەنی وەزیرانی لێ ئاگادار دەکەینەوە".
هەریەک لە پۆستەکانی (بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندرووستیی سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی سلێمانی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین) لە پۆستەکانیان لادراون و لە جێگەیاندا چوار کەسی دیکە دانراون.
باسنيوز
