بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی دەستی لەکار کێشایەوە
د. میران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنفڕانسێكی رۆژنامەڤانیدا دوای راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی گوتی: "سەرباری قەیرانی دارایی و سەرجەم گرفتەکانی دیکە کە رووبەڕوویان بوونەتەوە، هەوڵیانداوە خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانە حکومییەکانی سلێمانی بەردەوامبن". دەشڵێت ئێستا سلێمانی یەکێكە لە ناوەندە باشەکان لەڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و چارەسەرە پزیشكییەکانەوە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت توانیویانە لەماوەی کارکردنیاندا نەخۆشخانەی شار بکەنەوە و بەشی فریاکەوتنی تێدا دابمەزرێنن، روونیدەکاتەوە نەخۆشخانەی هیوا تایبەت بە شێرپەنجەیان گەیاندووەتە باشترین ئاست و تێیدا چاندنی موخی ئێسکیان ئەنجامدا.
د. میران محەممەد ئاشکرایدەکات هەمیشە هەوڵیانداوە خزمەتگوزاریی تەندروستی لەنێو نەخۆشخانە حکومییەکان بەهێزتر و باشتر بێت لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، تاوەکو خەڵکی هەژار زۆرترین خزمەتگوزاری پزیشكی پێشكەش بکرێت و بتوانن چارەسەر وەربگرن.
سەبارەت بە وەرگرتنی هە پۆستێك لە داهاتوودا، د. میران محەممەد دەڵێت هیچ پۆستێكی دیکە وەرناگرێت و دەیەوێت وەک پزیشكی پێست لە نەخۆشخانە کاربکات.
RUDAW -
