عەبدولستار مەجید فەرمانبەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ هان دەدا تا داوای مانەوەی لە پۆستەکەی بکەن

 عەبدولستار مەجید فەرمانبەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ هان دەدا تا داوای مانەوەی لە پۆستەکەی بکەن
وەزیری دەست لەکار کێشاوەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فۆرمێک ئاراستەی سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی دەکات و هانیان دەدات بۆ ئەوەی داوای مانەوەی لە پۆستەکەی بکەن.

فۆرمەکە لەلایەن عەبدولستار مەجیدەوە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) نێردراوە و تێیدا فەرمانبەران هان دراون، واژۆ لەسەر داواکاریی ماناوەی عەبدولستار مەجید لە پۆستی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بکەن.

لەمبارەیەوە شاڵاو جەمال، بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای سلێمانی، ڕايگەیاند:" پێش ئەوەی عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ دەست لەکار کێشانەوەی ڕابگەیەنێت، لە ڕێگەی دیوانی وەزارەتەوە فۆڕمی بۆ کارمەندان و فەرمانبەران و سەرجەم بەڕێوبەرایەتییەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ناردووە، بۆ ئەوەی داوای مانەوەی وەزیری کشتوکاڵ لە پۆستەکەیدا بکەن“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە فۆڕمەکە بۆ ئەوانیش چووە و داوای ئەوە کراوە کە ئەوانەی ”خۆشحاڵن“ بە مانەوەی عەبدولستار مەجید لە پۆستەکەیدا، فۆڕمەکە واژۆ بکەن و دواتر لە ڕێگەی یاداشتێکەوە بەرز بکرێتەوە. گوتیشی: ”ئێمە وەک بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ و فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتییەکەمان، واژۆمان لەسە ئەو فۆڕمە نەکردووە“.

عەبدولستار مەجید، لە پشکی کۆمەڵی ئیسلامی پۆستی وەزیری کشتوکاڵی پێ دراوە و دوای هەڵوێستی سیاسیی کۆمەڵ و بزووتنەوەی گۆڕان، دەست لەکار کێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕاگەیاندووە.











باسنيوز
Top