پرۆسەی بەعەرەبکردنەوەی سنووری دووبز دەستی پێکردەوە

پرۆسەی بەعەرەبکردنەوەی سنووری دووبز دەستی پێکردەوە
بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆچکەی دووبزی سەر بەپارێزگای کەرکووک، ڕای دەگەیەنێت، پرۆسەی بەعەرەبکردنەوەی سنووری دووبز دەستی پێکرد.



عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی دووبز، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/12/2017، ڕاگەیاند: "لەسەردەمی بەعسدا و لە چوارچێوەی پرۆسەی بەعەرەبکردندا، سەدان خێزانی عەرەبی بەدویان لە باشووری عێراقەوە ھێنا بۆ ژمارەیەک گوند لە سنووری شارەدێی سەرگەرانی سەر بە شارۆچکەی دووبز، ئەوان لەو گوندانە نیشتەجێ بوون، بەڵام لە دوای ساڵی 2003ەوە کوردەکان گەڕانەوە سەر گوندەکانی خۆیان، کەچی ئێستاش لە سەر فەرمانی پارێزگارە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک بڕیار دراوە کە ئەو عەرەبانە جارێکی تر بگەڕێنەوە ئەو گوندانە و پڕۆسەی بەعەرەبکردنەوەی سنووری دووبز دەستی پێکردەوە".



بەڕێوەبەری ئاسایشی دووبز، ئەوەشی خستە روو: "دوێنێ چوارشەممە، ژمارەیەک لە عەرەبەکان ھاتنەوە گوندی پەڵکانەی سەر بە شارەدێی سەرگەران و دەیانەوێت بە یەکجاری لەو گوندەدا بمێننەوە".



ئاشکراشی کرد، ئەو گوندانەی کە دەیانەوێت جارێکی تر تەعریبی بکەنەوە بریتین لە گوندەکانی پەڵکانە، سەربەشاخ، سارەدوو، شەنەخە، مەلحەماد، دەربەند.



بەپێی زانیارییەکان عەرەبە ھاوردەکان بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی، مۆڵەتی سێ رۆژیان داوەتە ئەو گوندنشینانەی سنوری سەرگەران بۆ ئەوەی گوندەکانیان چۆڵ بکەن.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.


ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".


ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
BAS NEWS-
Top